
یاریگا –
دوای وەرزێکی نائاسایی و بردنەوەی سێ نازناو و نزیکبوون لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، هاوکێشەکانی بارسێلۆنا گۆڕاون.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە، دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستی هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 نوێبکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بێت، پێشبینی دەکرێت سبەی چوارشەممە، بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هەواڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی فلیک ئاشکرا بکات.
گرێبەستی ئێستای فلیک لە هاوینی ساڵی داهاتوو بەسەردەچێت، ئەمەش هەمان ئەو گرێبەستەیە کە ساڵی رابردوو لەگەڵ بارسێلۆنای واژۆکرد و ماوەکەی دوو ساڵ بوو.
بارسا دەیەوێت ساڵێکی دیکە بۆ گرێبەستی ئێستای زیادبکات و هیچ ئاماژەیەک بۆ مانەوەی درێژخایەنی فلیک لە بارسێلۆنا نییە.
فلیک لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ بارسێلۆنا، نازناوەکانی لالیگا، جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیای بردەوە، لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لە دوو یاریی دراماتیکیدا بە ئینتەر میلان دۆڕا.
فلیک 59 یاریی ئەم وەرزە سەرپەرشتی بارسای کردووە، خاوەنی 43 بردنەوە، حەفت یەکسانبوون و 9 دۆڕانە.