
یاریگا –
لە یارییەکی بەهێزدا و بە کۆمەڵێک کێشەوە، هەولێر لە یاریگای خۆی رووبەڕووی تەڵەبە دەبێتەوە.
لە گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، سێ شەممە ( 20ـی ئایاری 2025 ) لە یاریگای فرانسۆ هەریری کاتژمێر 6ـی ئێوارە هەولێر رووبەڕووی تەڵەبە دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە هەریەک هیگۆر ڤیداڵ و هیلیۆ مۆنتێڕۆ یاریزانانی پیشەگەری بەرازیلی بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان یاریی ناکەن.
پێش ئەم یارییە هەولێر بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت بە هۆی ئەوەی 81 رۆژە یاریزانەکان مووچەیان وەرنەگرتووە، دوای تەواوبوونی ئەم یارییەش بریارە هەریەک لە یاریزانان ئوسامە رەشید و رێبین سۆلاقا ریزی تیپەکە جێبهێڵن.
هەولێر و تەڵەبە لە مێژوودا 44 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر تەنها لە حەفت یارییدا براوە بووە و تەڵەبە 23 یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 14 یارییشدا یەکسان بوونە، هەولێر 42 گۆڵی تۆمار کردووە و تەڵەبەش 79 گۆڵی کردووە.
یەکەم یاریی نێوان هەولێر و تەڵەبە لە 16 _ 12 _ 1974 بوو لە یارییەکانی خولی پلە دووی عێڕاق کە هەولێر لە یاریگای خۆی 2 _ 0 براوە بوو، گەورەترین بردنەوەی هەولێر لە وەرزی 2020 _ 2021 بوو کاتێک 5 _ 0 لە یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، گەورەترین سەرکەوتنی تەڵەبەش 5 _ 0 بوو لە وەرزی 1994 _ 1995 لە یاریگای شەعب لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێڕاق.
لە کۆی 32 یارییدا هەولێر 41 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـە دێت، گەڕی داهاتووش میوانداری نەورۆز دەکات، تەڵەبە 56 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.