راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

81 رۆژە یاریزانانی هەولێر مووچەیان وەرنەگرتووە؛ پێنج یاریزان پێش کۆتایی وەرز یانەکە بەجێدەهێڵن

دوو یاریزانی بەڕازیلی سکاڵایان لەسەر هەولێر تۆمار کردووە

Yariga App

یاریگا –

پێش کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە قەیرانی دارایی بەرۆکی یانەی هەولێری گرتووە، 81 رۆژە یاریزانانی یانەکەی قەڵاومنارە مووچەیان وەرنەگرتووە و پێنج یاریزان پێش تەواوبوونی وەرز یانەکە بەجێدەهێڵن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەریەکە لە هێلیۆ مۆنتێرۆ و هیگۆر ڤیدال دەگەڕێنەوە بەڕازیل و بەشداریی یارییەکەی سبەی ناکەن، گەرچی یانەی هەولێر هەوڵیان داوە ئەو دوو یاریزانە بەڕازیلییە پاشگەز بکەنەوە، بەڵام پێداگیریان لەسەر بڕیارەکەیان کردووە و ئامادە نین سبەی بەرامبەر تەڵەبە یاریی بکەن.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئەو دوو یاریزانە بەڕازیلییە بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە، کە 81 رۆژە یاریزانانی یانەکەی قەڵاومنارە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، جگە لەو دوو یاریزانە بەڕازیلییە، هەریەکە لە رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید دوای یارییەکەی تەڵەبە ریزەکانی یانەی هەولێر بەجێدەهێڵن و جارێکی دیکە بە درێسی زەردپۆشەکان نابینرێنەوە، گرێبەستەکەی سولاقا تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەیە و دوای یارییەکەی تەڵەبە ماڵئاوایی لە هەولێر دەکات، ئوسامەش بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانی بڕیاریداوە دوای یارییەکەی تەڵەبە یانەکەی پایتەخت بەجێبهێڵێت.

یاریگا زانیویەتی، رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید لەپێناوی بانگهێشتکرانیان بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق پێش یارییەکەی تەڵەبە ریزەکانی هەولێر بەجێناهێڵن، نایانەوێت لەبەر چاوی گراهام ئارنۆڵد راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق ون ببن، ئەگینا ئەو دوو یاریزانەش زووتر بارگەیان تێکدەنا و دەڕۆیشتن.

جگە لەو چوار یاریزانە، هەولێر گرێبەستی عەباس یاسین بەرگریکاری یانەکەی هەوڵوەشاندووەتەوە و بە رەزامەندیی هەردوولا کۆتاییان بە گرێبەستەکەیان هێنا و ئەو بەرگریکارە گەڕاوەتەوە سوید.

هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستیرەکانی عێراق لە 32 یاری 41 خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی سێزدەمی خولەکە دێت، کە یانەکەی قەڵاومنارە سبەی سێشەممە لە گەڕی سی و چوارەمی خولەکە لە یاریگای خۆی میوانداریی تەڵەبە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button