ئەم هەفتەیە چارەنووسی مۆدریچ لە ریال مەدرید یەکلا دەبێتەوە
ناوەڕاستکارە کرواتییەکە دەیەوێت بە تەمەنی 40 ساڵی لە ریال مەدرید یاریی بکات

یاریگا –
ئەم هەفتەیە بۆ مۆدریچ چارەنووسساز دەبێت، کۆبوونەوەی چابی ئالۆنسۆ و فلۆرێنتینۆ پێرێز داهاتووی ناوەڕاستکارە کرواتییەکە لە ریال مەدرید یەکلا دەکاتەوە.
تۆڕی وەرزشی رێلێڤۆ ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوو، یان لەم چەند رۆژە چارەنووسی لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید یەکلا دەبێتەوە، ناوەڕاستکارە کرواتییەکە گەشبینە بەوەی گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە، کە کۆتایی مانگی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ مەدریدییەکان کۆتایی دێت.
Modric espera una reunión para cumplir 40 en el Real Madrid y ayudar a un excompañero https://t.co/Tbh3lGuSAQ
— Relevo (@relevo) May 19, 2025
تۆڕی وەرزشی رێلێڤۆ راشیگەیاندووە، مۆدریچ کە چوار مانگی دیکە تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ، دەیەوێت تاوەکو مۆندیالی 2026 لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، کەسە نزیکەکانی ئەو یاریزانە کرواتییە بڕوایان وایە ریال مەدرید گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە، چونکە ئەم وەرزە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە.
رێلێڤۆ راشیگەیاندووە، کۆبوونەوەی چابی ئالۆنسۆ و فلۆرێنتینۆ پێرێز چارەنووسی مۆدریچ یەکلا دەکاتەوە، کە ئەو یاریزانە کرواتییە بە پشتبەستن بە ئاستی دوایین دوو یاریی بەرامبەر ریال مایۆرکا و سێڤییا بڕوای وایە هاوڕێیەکەی پێشووی پشتگیری دەکات و داکۆکی لە مانەوەی دەکات.
مۆدریچ لەم وەرزە بە درێسی ریال مەدرید لە 54 یاریی 2667 خولەک بەشداریی کردووە، لە رووی دەرفەتی یاریکردن دوازدەمین یاریزانی یانەکەیەتی، یاریکردنی ناوەڕاستکارە کرواتییەکە لە مۆندیالی یانەکان مسۆگەرە، کە رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو تاوەکو 13ـی یۆلیۆ لە ئەمریکا دەکرێت، ئەگەر گرێبەستەکەی لوکا نوێ نەکرێتەوە، دوایین یاریی خۆی بە درێسی لۆس بلانکۆس لە ئەمریکا دەکات.
بەگوێرەی زنایارییەکانی رێلێڤۆ، لەناو ماڵی مەدریدییەکان دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی داهاتووی مۆدریچ هەیە، بەشێکیان بڕوایان وایە مانەوەی مۆدریچ دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی گەشەکردنی یاریزانە لاوەکانی یانەکە، بەڵام بەشەکەی دیکە بە پشتبەستن بە ئاستی ئەم وەرزەی بڕوایان وایە شایستەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی.
لە ڤالدێبێباس کەس گومانی لە خۆشەویستی مۆدریچ بۆ ریال مەدرید نییە کە لە 589 یاری 28 نازناوی بە درێسی یانەکە بەدەستهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بڕیاری خۆی نەداوە و لەم چەند رۆژە داهاتووی براوەکەی باڵۆن دۆر یەکلا دەبێتەوە.