راپۆرتی تایبەت؛ ئەگەر ڤار نەبووایە ئەم وەرزە ریال مەدرید بە جیاوازیی 8 خاڵ دەبووە پاڵەوانی لالیگا
ڤار حەفت خاڵی لە چنگی ریال مەدرید وەرگرتووە

یاریگا –
ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە ریال مەدرید دەبووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا نەوەک بارسێلۆنا، ئێستا ریال مەدرید بە جیاوازیی هەشت خاڵ لەپێشەوەی بارسێلۆنا دەبوو.
رۆژنامەی ئاس ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە دوای تێپەڕبوونی 37 گەڕ ئێستا ریال مەدرید خاوەنی 88 خاڵ دەبوو، نەوەک 81 خاڵ، واتە ڤار زیانی حەفت خاڵی لە ریال مەدرید داوە و ڤاریش پێنج خاڵی بە بارسێلۆنا داوە.
دوای تێپەڕبوونی 37 گەڕ بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 85 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە و بە جیاوازیی چوار خاڵ لەپێشەوەی ریال مەدرید دێت کە بە 81 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیک بلباویش بە 73 خاڵ و 70 خاڵ پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە بۆ بڕیارەکانی سیستەمی ڤار لەم وەرزە، ئەگەر ڤار نەبووایە ئێستا ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 88 خاڵ پێشەنگی لالیگا دەبوو، دەبووە پاڵەوانی خولەکە، بارسێلۆناش بە 80 خاڵ لە پلەی دووەمی خولەکە دەبوو، ئاتلێتیکۆ مەدرید هەر لە پلەی سێیەم دەمایەوە بەڵام دەبووە خاوەنی 77 خاڵ و ئاتلێتیک بلباویش هەر لە پلەی چوارەم دەبوو، دەبووە خاوەنی 72 خاڵ.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامە مەدریدیەکە، ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە ریال مەدرید 1-0 هەردوو یارییەکەی دێربی مەدریدی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبردەوە، کە هەردوولا لە هەردوو یارییەکە بەبێ ڤار 1-1 یەکسانبوون، بەڵام ئەگەر ڤار نەبووایە ریال مەدرید هەردوو یارییەکەی 1-0 دەبردەوە، ریال مەدرید و ڤالێنسیا 2-2 یەکسان دەبوون، لەکاتێکدا مێرەنگی ئەو یارییەی 1-0 دۆڕاند، ئەگەر ڤار نەبووایە ریال مەدرید 1-0 لە ئۆساسۆنای دەبردەوە، لەکاتێکدا هەردوولا 1-1 یەکسانبوون.
رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە، بارسێلۆنا 3-1 لە ئیسپانیۆلی نەدەبردەوە بەڵکو هەردوولا 3-3 یەکسان دەبوون، بلاوگرانا 1-0 بە ریال سۆسیداد دۆڕا، بەڵام بەبێ ڤار هەردوولا 1-1 یەکسان دەبوون، بەبێ ڤار بارسا 2-1 لە ریال بێتیسی دەبردەوە، بارسا بەبێ ڤار لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ بەبێ گۆڵ یەکسان دەبوو، لەکاتێکدا یانە کەتەلۆنییەکە 1-0 ئەو یارییەی بردەوە، بارسا بەبێ ڤار نەیدەتوانی لە سێلتاڤیگۆ بباتەوە و هەردوولا 3-3 یەکسان دەبوون، کە یانە کەتەلۆنییەکە 4-3 ئەو یارییەی بردەوە.