یۆکێرێش بەناڕوونی باسی داهاتووی خۆی دەکات
ئەستێرە سویدییەکە هەمووان دەخاتە دۆخی ئامادەباشییەوە

یاریگا –
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سپۆڕتینگ لیسبۆن بەناڕوونی باسی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە دەکات.
یۆکۆێرێش یەکێک لە داواکراوترین یاریزانانی مێرکاتۆی ئەم هاوینە، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و تۆمارکردنی 59 گۆڵ لە کۆی تەنیا 53 یاریدا.
یانەکانی ئارسیناڵ، مانچێستەر یونایتد و چێڵسی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی یاریزانە 26 ساڵییەکە دەکەن.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکان رۆژنامەوانییەکان بێت، ئارسیناڵ لە سەرووی یانەکانی دیکەوەیە، تەنانەت ئامادەیە مووچەی هەفتانەی بکاتە 240 هەزار پاوەند، بەمەش دەبێتە خاوەنی یەکێک لە بەرزترین مووچەکانی یانە لەندەنییەکە شانبەشانی دێکلان رایس و مارتن ئۆدیگارد.
یۆکێرێش دوای بردنەوەی نازناوی خولی پۆرتوگالی، بە ناڕوونی باسی داهاتووی خۆی کرد؛
ئەمە تۆپی پێیە، تاوەکو ئێستا لێرەم و نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات. کەس ناتوانێت پێشبینی داهاتوو بکات. زۆر دڵخۆشم.
تاوەکو ئێستا ئەم وەرزە بۆ سپۆڕتینگ تەواو نەبووە، شەممە لە یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال بەرامبەر بێنفیکا یاریی دەکەن و یۆکێرێش چاوی لە بەرزکردنەوەی دووەم نازناوی ئەم وەرزەیە.