کوردستانگرنگترین

هەڵۆ بکەن بە نموونە

ياريگا
یانەی هەڵۆ یەکێکە لەو یانانەی کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بە هۆی دوورە دەستیان لە شار چەندان و چەندان گرفتی جۆراجۆریان بۆ دروست بووە، جاری وا هەبووە ئەو یاریزانانەی کە بە مەبەستی یاریکردن بۆ ئەو یانەیە گەشتی ناوچەی بارزانیان کردووە، ئامادەنەبونە بە هۆی خراپی شوێنی حەوانەوەیان یەک کاتژمێریش لەوێ بمێننەوە، هەروەها کەمی موچە و نەبوونی گرێبەست و چەندان کێشەی دیکەی جۆراوجۆر دەستیان لەناو دەستی یەکتری ناوە بۆ ئەوەی ئەو یانەیە لە هەموو نیعمەتێک بێ بەش بکەن، بە راشکاوانەتر بڵێم نەیهێشتووە ئەو یانەیە بە ئامانجەکانیان بگات، بێجگە لەوەی کە یاریگەکەیان هی ئەوە نیە تیپە میللیەکانیش یاری تێدا بکەن.

هەڵۆکان لەگەڵ بوونی هەموو ئەو کێشانە و چەندین کێشەی دیکە، بەڵام ساڵ دوای ساڵ ئاست و ئەنجامی باشیان بەدەست هێناوە، ئەو یانەیە بێ ئەوەی هیچ پاڵپشتیەکی دارایی هەبێت، یاخود هیچ کەرتێکی تایبەت و کەسانی تایبەت هاوکاریان بکەن، بەشدارییان لە خولەکانی کوردستان کردووە، لەسەر ئاستی پێشکەوتووان بگرە تاوەکو ئاستی بەچکە شێران و خەمخۆری بەرپرسانی یانەکە وایکردووە رێگە نەدەن هیچ کێشەیەک ببێتە بەربەست بۆ ئەوان.
شوێنی حەوانەوەی یاریزانانی یانەی هەڵۆ هاوشێوەی زیندانەکانە، یاریزاکان جاری وا هەبووە دوای یارییەکان لەبەر نەبوونی ئاوی گەرم نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن، ئەمە بچوکترین نمونەیە لەسەر نەهامەتیاکانی ئەو یانەیە، ئەگەر بێتو بە درێژی باس لە تەواوی کێشەکانی ئەو یانەیە بکەم، ئەوا پێویستی بە کاتێکی زیاترە.

ئەو یانەیە سەرەرای هەموو ئەو کێشانە، بەڵام ساڵانە بە هەر شێوەیەک بێت بەشدارییان لە خولەکانی کوردستان کردووە. سەرەتای ئەم وەرزە کاتێک بە دواداچوونم بۆ ئامادەکارییەکانی ئەو یانەیە کرد، هەستم پێکرد ئەوان تەنها لە پێناو بەشداریکردن لە خولی یانە پلە یەکەکان و مانەوەیان لەو خولە بەشداری دەکەن، بەڵام یاریزانەکان لە روخساریانەوە شتێکی دیکە دیار بوو، ئەوان بێ گوێدانە هەموو ئەو کێشانە بەڵێنیاندا کە یانەکەیان بگەڕێننەوە خولی نایابی کوردستان، لە کۆتاییشدا بەڵێن و خەونەکەیان کردە راستی و لە کەرکوکی دڵی کوردستانەوە مژدەی سەرکەوتنیان راگەیاند.

مەبەستم لە باس کردنی تەواوی ئەو کێشانەی یانەی هەڵۆ ئەوەیە کە یانەی وا هەبووە لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، پارەی خەیاڵیان خەرجکردووە لە پێناو گەیشتن بە خولی نایاب، بەڵام نەک نەیانتوانی رکابەرییەکە بکەن، بگرە ئەنجامی باشیشیان بەدەست نەهێناوە، بۆیە داواکارم لە یانەکانی دیکە لە بڕی ئەوەی چاویان لە دەستی ئەم و ئەو بێت بۆ پێدانی چەند ملیۆنێک دینار، هەموو هەوڵێک بدەن کارگێرییەکی ژیر و لێهاتوو بنیات بنێن، بۆ ئەوەی بتوانن تیپێکی وا دروست بکەن کە رکابەری لەناو یاریگە بکەن.

هەڵۆکانی بارزان لە کاتێکدا ئەم وەرزە بۆ دووەمجار گەیشتنەوە خولی نایابی کوردستان، پێش ئەوەی خولەکە کۆتایی بێت یەک یاریشیان نەدۆڕاندووە، پێموابێت ئەمە جاری یەکەمیشە ئەم ریکۆردە لە خولەکانی کوردستان تۆمار دەکرێت.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە دیڵێمەوە، وەرن یانەی هەڵۆ بکەین بە نموونە و شتێکی وا بکەین بۆ ئەوەی چیدیکە پارە و پول کاریگەری لەسەر وەرزشی ئەم ولاتە نەبێت، دڵنیاشم یانەی دیکەش هەن هاوشیوەی یانەی هەڵۆن، بەڵام بەخت یاوەریان نەبووە و نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن.

Back to top button