
یاریگا –
زاخۆ بەهۆی یارییە تەواونەکراوەکەی بەرامبەر نەورۆز، رێگا بە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی یانەکەی نادات پەیوەندی بە هەڵبژاردەکانیانەوە بکەن.
دڵژار عەدنان ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’بەهۆی یارییە تەواونەکراوەکەمان بەرامبەر نەورۆز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، رێگا بە هیچ یاریزانێکی یانەکەمان نادەین بۆ یارییەکانی فیفا پەیوەندی بە هەڵبژاردەکانیانەوە بکەن’.
رۆژی شەممە یارییە تەواونەکراوەکەی نەورۆز و زاخۆ لە گەڕی بیست و نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای فڕانسۆ هەریری لە هەولێر تەواو دەکرێت، کە یارییەکە بەهۆی پشێوی و ئاڵۆزی هاندەران لە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی تەواو نەکرا.
عێراق سەرەتای مانگی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دوو یاریی چارەنووسسازی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن هەیە، کە وابڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەکە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی رابگەیەنێت.
هەریەکە لە ئەمجەد عەتوان و عەلی کازم و ئەحمەد یاسین لە یارییەکانی رابردوو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکران، مەحموود ئەسوەد لە سووریا، محەمەد ئەبو حەشیش لە ئوردن، ناسر محەمەدو لە یەمەن و ئیچیتا دیپیوتی لە نەیجیریا بانگهێشتی یارییەکانی ئەمدواییەی هەڵبژاردەکانیان کراون، بەڵام زاخۆ بەهۆی یارییەکەی نەورۆز رێگریان لێدەکات.