بۆچی ریال مەدرید لەپێناوی هاوسن نەریت و رێسایەکی 123 ساڵەی مێژووی یانەکەی شکاند؟
هاوسن بووە گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی ریال مەدرید

یاریگا –
ریال مەدرید لەپێناوی گواستنەوەی دین هاوسن، رێسا و نەریتێکی 123 ساڵەی مێژووی یانەکەی شکاند، بەرگریکارە باڵا بەرزەکە دەبێتە گرانبەهاترین بەرگریکار لە مێژووی لۆس بلانکۆس.
رۆژنامەی ئاس ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، هەرگیز ریال مەدرید لە مێژووی 123 ساڵەی یانەکەی لە 50 ملیۆن یۆرۆ زیاتری بە هیچ بەرگریکارێک نەداوە، ئەمە یەکێک لە رێسا نەنووسراوەکانی یانەکە بوو، دەیان بەرگریکار لەبەر ئەم نەریتە نەبوونەتە یاریزانی ریال مەدرید، بەڵام ئەم هاوینە مەدریدییەکان ئەم رێسا و نەریتەیان شکاند.
ریال مەدرید بەس بۆ ئەوەی هاوسن بگوازێتەوە ریزەکانی بە 58 ملیۆن یۆرۆ بەرگریکارە 20 ساڵانەکەی کڕی و کردیە گرانبەهاترین بەرگریکار لە مێژووی یانەکەی، ئەوەی بۆ هاوسنی کرد، هاوینی رابردوو ئامادە نەبوو بۆ لێنێ یۆرۆی بکات، مێرەنگی ئامادە نەبوو لە 50 ملیۆن یۆرۆ یەک یۆرۆ زیاتری پێبدات و لە یاسا و رێساکەی خۆی لابدات، هەربۆیە مانچێستەر یونایتد ئەو بەرگریکارە فەرەنسییەی لە لیلەوە گواستەوە ریزەکانی.

پێش هاوسن، ئیدێر میلیتاو بە 50 ملیۆن یۆرۆ گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی ریال مەدرید بوو، فێرلاند مێندیش بە 48 ملیۆن یۆرۆ دووەم گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی مەدریدییەکان بوو.
هاوسن بە گرێبەستەکەی بۆ ریال مەدرید کە تاوەکو هاوینی 2030 دەخایەنێت، بووە سێیەم گرانبەهرتین بەرگریکاری ئیسپانی لە مێژوودا، کوکورێیا بە 68 ملیۆن یۆرۆ گرانبەهاترین بەرگریکاری ئیسپانییە لە مێژوودا، ئێمریک لاپۆرتیش بە 65 ملیۆن یۆرۆ دووەم گرانبەهاترین بەرگریکاری ئیسپانییە لە مێژوودا.
بۆچی ریال مەدرید ئامادە بوو 58 ملیۆن یۆرۆ بە دین هاوسن بدات؟
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لەبەر چەند هۆکارێک ئامادەبوو 58 ملیۆن یۆرۆ هاوسن بدات و نەریتێکی خۆی بشکێنێت.
بەگوێرەی رۆژنامە مەدریدییەکە، ریال مەدرید بە دەستی پێکانی بەرگریکارەکانی دەناڵێنێت، بۆ مۆندیالی یانەکان کە دوای کەمتر لە مانگێکی دیکە دەستپێدەکات، گرێبەستی هاوسن زۆر پێویست و گرنگ بوو، چونکە هێلی بەرگری ریال مەدرید بەهۆی پەتای پێکانەوە بۆشایی زۆری تێدایە.
بچووکی تەمەن و توانای جەستەیی هاوسن هۆکارێکی دیکەی گرێبەستە گەورەکەی ریال مەدریدە، ئەم بەرگریکارە 20 ساڵانە باڵای 197 سانتیمە و بە ‘تاوەر’ دەناسرێت، رۆژنامە مەدریدییەکە لە رووپەری ئەمڕۆیدا لەبارەی گرێبەستی هاوسن نووسیویەتی ‘چابی بووە خاوەنی تاوەرێک’.