
یاریگا –
هەڵگرتنی ئاڵای سەربەخۆیی کاتالۆنیا لەلایەن ئینیگۆ مارتینێزی بەرگریکاری بارسێلۆنا لە کاتی ئاهەنگی پاڵەوانێتی یانەکەی لە شەقامەکانی بارسێلۆنا شەپۆلێکی رەخنەی لێکەوتەوە.
ئەم هەنگاوە کە هاوکات لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای “ئیستلادا” هێمای سەربەخۆخواز، کاردانەوەی توندی زۆرێک لە ئیسپانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، تا ئەو رادەیەی هەندێک داوای دوورخرانەوەی هەمیشەیی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیایان کردووە.
رەخنەگران لە سۆشیال میدیا، ئەم کارەی مارتینێزیان بە بێڕێزیکردن بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا زانیوە و دڵسۆزی یاریزانەکەیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەنەبوونی چەند مانگێک لەمەوبەر لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بەهۆی پێکانەوە و تەنیا چەند رۆژێک دواتر یاری بۆ بارسێلۆنا کرد. ئەمەش گومانەکانی لەسەر پابەندبوونی بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیاتر کردووە.
لەبەرامبەردا هاندەرانی بارسێلۆنا و بەتایبەتی لایەنگرانی سەربەخۆیی کاتالۆنیا پشتگیریان لە مارتینێز کردووە و درووشمی “ئەو یەکێکە لە ئێمە”یان بڵاو کردەوە.
ئینیگۆ مارتینێز، یاریزانی تەمەن 34 ساڵ، خەڵکی هەرێمی باسکە، پێشتر لە ریال سۆسیداد و ئاتلێتیک بلباو یاریی کردووە. ئەم رووداوە، لەگەڵ مێژووی چالاکییەکانی سەربەخۆیی لە ناوچەی باسک، جارێکی دیکە پرسی ناسنامەی نەتەوەیی و گرژییە سیاسییەکانی ئیسپانیا هێنایەوە بەر چاو.