
یاریگا –
خوان لاپۆرتا لە نوێترین دیمانەیدا بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی لامین یامالی راگەیاند و گوتی ‘تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکەی ماوە’.
خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەبارەی چارەنووسی لامین یامال گوتی :’بە تەواوەتی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی لامین یامال گەیشتووینەتە رێککەوتن، تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکەی ماوە’.
هەروەها گوتیشی :’لامین یامال بەهرەمەندێکی بڕواپێنەکراوە، ئەو بە تاک زۆر باشە و دەتوانێت لەگەڵ یاریی بەکۆمەڵیش خۆی بگونجێنێت، لەگەڵ خۆرخێ مێندێز بەڕێوەبەری کارەکانی یامال رێککەوتووین، تەنیا ماوە بەفەرمی رێککەوتنەکەمان پشتڕاست بکرێتەوە’.
لاپۆرتا گوتیشی :’لامین یامال و خێزانەکەی لە بارسێلۆنا ئاسوودەن، یامال تەمەنی تەنیا 17 ساڵانە و داهاتووێکی گەورە چاوەڕێی دەکات، ئێمە مووچەیەکی باشی پێدەدەین لە گرێبەستە نوێیەکەی، هەمیشە ئێمە مووچە بە یاریزانەکانمان دەدەین بەگوێرەی لێهاتووییەکانیان’.
لاپۆرتا لەبارەی داهاتووی چێزنی و هانزی فلیکیش گوتی :’چێزنی حەز دەکات گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و ئێمەش دەمانەوێت لە یانەکەمان بمێنێتەوە، هانزی فلیک سەرەتای ئەمساڵ بڕیاریدا تاوەکو 2027 گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ بکاتەوە، هەمیشە فلیک خاوەنی قسەی خۆیەتی’.