فەرمی؛ لیڤەرپوول ئەستێرەیەکی لاوی گواستەوە
سڵۆت هەنگاوەکانی لە مێرکاتۆی هاوینە دەستپێکرد

یاریگا –
جێرێمی فریمپۆنگ، بەرگریکاری باڵی راستی بایەر لیڤەرکوزن پشکنینی پزیشکی بە سەرکەوتوویی لە لیڤەرپوول کرد و گرێبەستێکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ واژۆ کرد.
فریمپۆنگ واژۆی لەسەر گرێبەستێکی پێنج ساڵە کردووە و بەگوێرەی زانیاری دەستکەوتوو، لیڤەرپوول بەبڕی 35 ملیۆن یۆرۆ یاریزانە هۆڵەندییەکەی گواستووەتەوە ئانفیڵد.
We have agreed the signing of Jeremie Frimpong from Bayer Leverkusen 🙌🔴
— Liverpool FC (@LFC) May 30, 2025
هەفتەی رابردوو، لیڤەرپوول و لیڤەرکوزن گفتوگۆی چڕییان لەبارەی فریمپۆنگ کرد و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، لەسەر تەواوی وردەکارییەکان رێککەوتن.
فریمپۆنگ لەکۆی 47 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی وەرزی 2023-24، 14 گۆڵ و 12 ئەسیستی لەگەڵ لیڤەرکوزن هەبوو و رۆڵێکی گەورەی لە بردنەوەی نازناوی بۆندسلیگا گێڕا.
گرێبەستی فریمپۆنگ لە هاوینی ساڵی 2028 لە لیڤەرکوزن بەسەردەچوو، بەڵام لیڤەرپوول بۆ شوێنگرتنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، زۆر بەخێرایی کاری لەسەر گواستنەوەی بەرگریکارەکە کرد.
فریمپۆنگ لە هاوینی ساڵی 2021 لە سێڵتکی سکۆتلاندییەوە پەیوەندی بە لیڤەرکوزن کرد. یاریزانە هۆڵەندییەکە خاوەن توانای هێرشبەری زۆر باشە و لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، سیمۆن رۆڵفێس، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرکوزن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی سووربێت و وەکو یەکێک لە باشترینەکانی جیهان وەسفیکرد.
لەم وەرزەدا، جێرێمی 48 یاریی بۆ کەتیبەکەی چابی ئاڵۆنسۆ کرد، خاوەنی پێنج گۆڵ و 12 ئەسیستە.
بەر لە گواستنەوەی فریمپۆنگ، لیڤەرپوول گرێبەستی کۆنۆر بڕادلی، بەرگریکاری لاوی یانەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ نوێکردەوە و بەمەش تاوەکو ساڵی 2029 لە ئانفیڵد دەمێنێتەوە.