فیفا ناسنامەی 32مین یانەی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان یەکلاییدەکاتەوە
31ی ئەم مانگە هەموو شتێک یەکلاییدەبێتەوە...

یاریگا –
فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا’ وادەی بەڕێوەچوونی یاریی یەکلاییکەرەوەی بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکانی 2025 ئاشکراکرد.
بەهۆی پێشێلکردنی رێساکانی فیفا، یانەی لیۆنی مەکسیکی لە مۆندیالی یانەکان دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی خاوەندارێتی هاوبەش لەگەڵ یانەی کڵەب ئەمێریکا، ئەمەش پێچەوانەی رێساکانی فیفایە و نابێ یەک کۆمپانیا یاخود کەسایەتی، خاوەنی دوو یانەی جیاوازی بەشدار لە هەمان پاڵەوانیەتی ببێت.
یانەکانی لۆس ئانجلێس و کڵەب ئەمێریکا، یارییەکی یەکلاییکەرەوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان رێکدەخات، تاوەکو شوێنگرەوەی لیۆن دیاریی بکرێت.
یارییەکە 31ی ئەم مانگە لە یاریگای BMO لە لۆس ئانجلێس بەڕێوەدەچێت، ئەمەش هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی مەکسیک.
کڵەب ئەمێریکا وەرزێکی خراپ پێشکەشدەکات، دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگی کۆنکاکاف لەسەردەستی کروز ئازوول دەرکرا، ئێستا سەرنجی تەواوی لەسەر بەشداریکردنە لە مۆندیالی یانەکان.
لۆس ئانجلێس بەهۆی بەدەستهێنانی. پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی کۆنکاکافی ساڵی 2023، دەرفەتی یارییە یەکلاییکەرەوەکەی پێدراوە. هەریەکە لە ئینتەر مەیامی و سیاتڵ ساندەرس نوێنەرایەتی ئەمریکا دەکەن و یانەکانی مۆنتێری و پاچووکاش نوێنەرایەتی مەکسیک دەکەن.
بڕیاربوو یارییەکە لە یاریگایەکی بێلایەن بەڕێوەبچێت، هەردوو یاریگای سۆفای و رۆز بوڵ پاڵێورابوون، بەڵام لەو ماوەیەدا چەندین کۆنسێرتی لێدەکرێن و لۆس ئانجلێس رەتیکردەوە یارییەکە لە یاریگای دیگنتی هێڵس بکات.