ئامۆریم : چاوەڕوانی وازهێنانی من مەبن

روبن ئامۆریم هەموولایەک دڵنیا دەکاتەوە کە هەر خۆی راهێنەری شەیتانە سوورەکان دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو.
ئامۆریم و یونایتد لەم وەرزەی پریمەرلیگ لە پلەی 17هەمی ریزبەندیدان و تەنها شەش خاڵیان لەو یانانە وەرگرتووە کە لە دەرەوەی ناوچەی دابەزینن بەڵام توانیوییانە بگەنە یاری کۆتایی خولی ئەورووپا.
بەر لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە بەرامبەر تۆتنهام، ئامۆریم لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا پرسیاری ئەگەری دەست لەکار کێشانەوەی لێکرا و ئەویش وتی
من دوورم لە وازهێنان. لەوکاتەوەی هاتووم هەمیشە باسی ئەو ستانداردانە دەکەم کە دەبێت هەبن، ئەنجامەکان مایەی قبوڵ کردن نین بە تایبەت لە پریمەرلیگ بەڵام دەزانم کێشەکانی یانەکە چین و پلانی روونم هەیە بۆ چارەسەرکردنیان.
ئامۆریم لە گیرفانی خۆی پارەی ستافەکەی دەدات
سکای سپۆرت ئەو باسەی دووپاتکردووەتەوە کە مانچێستەر یونایتد رازی نەبووە کە پارەی ستافەکەی ئاموریم بدات بۆ ئەوەی لە یاری کۆتایی خولی ئەورووپا ئامادەبن (جگە لە ستافی راهێنەر). بەڵام راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بڕیاریدا تەواوی تێچووی گەشتەکەیان لە ئەستۆ بگرێت و لەگەڵ خۆی بیانبات بۆ یاری کۆتایی.
لەوکاتەوەی سێر جەیمی راتکلیف بووەتە هاوپشک و بەڕێوبەری یانەکە، زیاد لە 400 کەس لە کارەکانیان دەرکراون و رۆژانە بڕیاری سەیر سەیر دەدات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.