
یاریگا –
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەرپرسانی یانەی نەورۆز باسی دۆخی یانەکەیان کرد و چارەنووسی راهێنەری یانەکەشیان یەکلاکردەوە.
جێگر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یانەی نەورۆز لەبارەی دۆخی ئێستای یانەکەیان گوتی :’بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەکەمان داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین، قەحتان جسیر پێی گوتین هەرکاتێک پێویستتان بە من نەبوو پێم بڵێن من یەکەم کەس دەبم بڕۆم، ئێمە هەندێک گرێبەستی هەڵەمان کردووە و هەموو لایەک بەرپرسین لە ئەنجامەکان، بەڵام نابێتر بیرمان بچێت ئێمە پێش هاتنی کاپتن قەحتان 8 خاڵمان هەبوو، ئێستا خاوەنی 42 خاڵین، تا کۆتایی وەرز کاپتن قەحتان جسیر لەگەڵمان بەردەوام دەبێت’.
هەروەها جێگر عەبدوڵا گوتیشی :’من گلەییم لە سەرمایەدارانی شاری سلێمانی هەیە، یارمەتی و پشتیوانی یانەی نەورۆز ناکەن، ئێمە ئەگەر پشتیوانی بکرێین نەک لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو دەتوانین لەسەر ئاستی ئاسیاش کێبڕکێ بکەین، سەرۆکی یانەکەمان قەرزەکانی یانەکەی لە ئەستۆ گرتووە’.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاسۆ خالید نێردراوی یاریگا، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز گوتی :’تاکو ئێستا باسمان لە گۆرینی راهێنەری یانەکەمان نەکردووە، زۆربەی گریبەستەکان لەسەر داوکاری قەحتان جسیر کراون، ئێمە دانی پێدا دەنێین هێنانی جۆرڤان ڤیێرا هەڵە بوو، زیانێکی زۆری لێداین’.
جێگر عەبدوڵا گوتیشی :’ئەگەر حکومەتی خۆجێی یارمەتی ئێمە بدات، ئێمە دەتوانین ئەو پڕۆژانەی دەوروبەری یاریگای یانەکەمان تەواو بکەین و ببینە خاوەنی داهاتی خۆمان، ئێمە لە هیچ لایەکەوە هاوکاری ناکرێین، یانەی نەورۆز نوێنەرایەتی شارێک دەکات و لەسەر ئاستی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کەمترین خەرجیمان هەبووە و لە پلەی نۆزدەمین دێێن’.
یانەی نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پلەی دوازدەمی خولەکە دێت.