لیستی فرۆشی بارسێلۆنا ئاشکرا بوو، گواستنەوەیەکی گەورە روودەدات!
هاوینێکی مشتومڕاوی لە پێشە...

یاریگا –
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا، لیستی فرۆشی یاریزانانی ئامادەکردووە و ئامادەیە دەست بە دانوستاندنەکان بکات.
دیکۆ بە بەردەوامی و بێ وەستان کاردەکات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بڕیارێک بدات و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەرنامەکان و نوێنەرانی یاریزانان هێشتا بەردەوامن. دیکۆ داواکاری تایبەتی هەیە: گواستنەوەی دڵی بەرگریەک، یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر (لە ئەگەری رۆشتنی یاریزانێک لەم پۆستەدا) و هێرشبەرێکی گۆڵکار کە بتوانێت لە چەند پۆستێکدا یاری بکات.
هەروەها گۆڵپارێزێک، بەتایبەتی ئەگەر چێزنی پێشنیاری یانەکە رەت بکاتەوە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی و بڕیار بدات ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکات. لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا دیکۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە گواستنەوەی یاریزانان بە قەبارەی گەورە نابێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بارسا لە دۆخێکدایە کە زۆر پێویستی بە فرۆشتنی چەند یاریزانێک هەیە.
پێویستیان بە پەیداکردنی داهات هەیە بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بگوازنەوە، بەڵام ئەمە دەبێت بەبێ ئەوەی هێڵە سوورەکانی یانەکە ببەزێنرێت. پلانەکە بریتییە لە رەچاوکردنی ئۆفەر بۆ ئەو یاریزانانەی کە وەرزی داهاتوو لە پێکهاتەی سەرەکی هانسی فلیکدا نابن.
ئێستا یاریزانی کوالیتی بەرز و خاوەن ئەزموون لەم تیپەدا هەن کە دەتوانن لە رووی داراییەوە هاوکاری یانەکە بکەن. تا ئێستا هیچ یاریزانێک بە فەرمی نەخراوەتە لیستی فرۆشتنەوە، بەڵام ئەوە روون بووەتەوە کە دانوستاندن لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەری هەیە.
بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتانە پێویستە سەیری ئاماری یارییەکان و ژمارەی خولەکەکانی وەرزی رابردووی یاریزانان بکەین. ناوەکانی سەر مێزی گواستنەوەکان بریتین لە ئیناکی پێنا، رۆناڵد ئاراوخۆ، هیکتۆر فۆرت، فێرمین لۆپێز، گاڤی و فرێنکی دی یۆنگ ئەگەر گرێبەستەکانیان نوێ نەکرێتەوە، هەروەها پابلۆ تۆرێ، پاو ڤیکتۆر و ئەنسو فاتی.
رەنگە هەندێک لەو ناوانە جێگەی سەرسوڕمان بن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هیچ شوێنێک لە پێکهاتەکەدا بۆ هەمووان نییە. ئەگەر ئەو ئۆفەرانە بگات کە لە توانا داراییەکانی ئێستای یانەکە زیاتر بێت، ئەوا بە جیددی بیریان لێدەکرێتەوە و بێ گومان بەشێک لەو ئۆفەرانە لە سعودیەوە دێت. دیکۆ زۆر باش دەزانێت لە بارسا جگە لە لامین یامال دەتوانن بیر لە فرۆشتنی هەر یاریزانێکی دەیکەیان بکەنەوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هاوینێکی سەرقاڵ لە کەرتی فرۆشتندا هەبێت.
بۆ ئێستا بارسێلۆنا بیر لەکۆتایی هێنان بە نوێکردنەوەی گرێبەستە هەڵپەسێردراوەکانە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە کورتخایەن و مامناوەنددا. درێژکردنەوەی گرێبەستی فرێنکی دی یۆنگ و رافینیا گرنگییەکی زۆری هەیە بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام. گرێبەستەکەی دی یۆنگ لە دۆخێکی باشتردایە و هەروەها جۆش و خرۆش بۆ مانەوەی رافینیا لەگەڵ تیپەکەدا هەیە. بەڵام ئۆفەرێکی وەسوەسەئامێز لەلایەن سعودیەوە پیشکەش بەم هێرشبەرە لەسەرمێزە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گواستنەوەی زۆر گەورەش دەکرێت رووبدات، ئەگەر هەموو لایەنەکان سوودی لێ وەربگرن.