
یاریگا –
جەنگی یاسایی نێوان کیلیان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان پێدەنێتە قۆناخێکی نوێ و خەریکە پاریس هاوکێشەکە سەراوگێڕ دەکات.
کیلیان لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە پاریسەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، دوای بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ شازادەکانی پاریس.
پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و پاریس تەواو تێکچووە، تەنانەت کار گەیشتووەتە سکاڵاکردن لە یەکتر. ئێمباپێ داوای بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ لە پاریس دەکات و پێی وایە شایستەی دارایی وەرنەگرتووە.
لە سەرەتای مانگی ئەپریل/نیسانی رابردوودا، لیژنەی یاسایی کۆمەڵەی خولی فەڕەنسی، بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کیلیان دەرکرد و داوای دەستبەسەرداگرتنی بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی تایبەت بە داهاتی پاریس کردووە؛ ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە پاریس شایستەکانی دارایی ئێمباپێ خەرج نەکات، ئەوا پارە دەستبەسەرداگیراوەکە، دەدرێتە کیلیان.
لەلایەکی دیکەوە، پاریس جەنگێکی یاسایی لە دژی ئێمباپێ دەستپێکردووە و نەک تەنیا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پارەی یانەکە دەکات، بەڵکو داوای بەڵگەی لە نوێنەرانی ئێمباپێ کردووە، کە تاوانباری پاریس بسەلمێنێت.
تۆماس ئازارۆ، سەرۆکی جێبەجێکاری پاریس لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی RMC دەڵێت؛
سکاڵامان لە دادگای باڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لیژنەی یاسایی کۆمەڵەی خولی فەڕەنسا بۆ پێدانی 55 ملیۆن یۆرۆ بە ئێمباپێ کردووە، بڕیارە لە 26ی ئەم مانگە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
ئێمباپێ قەرزداری پاریسە، چونکە خۆی لە گفتوگۆکان دزیوەتەوە و کاتی کوشتووە، ئەم هۆکارانە کاریگەرییان لەسەر تیمەکە دروستکرد و رەتیشیکردەوە بەشداری چەندین یاریی بکات.
لە سکاڵاکەی پاریسدا هاتووە، کیلیان بڕی 98 ملیۆن یۆرۆی پاریس قەرزدارە و دەیان بەڵگەی هاوپێچی داوا یاساییەکە کردووە.