
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد یەکێک لە هەرە خراپترین وەرزەکانی خۆی بەڕێدەکات و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی وەرزەکە یانەکە خەریکە دەبێتە دراوسێی یانە پێشتر دابەزیوەکان بۆ چامپیۆنشیپ و رەنگە لەو دوو یارییەی ئەم وەرزە لە پرێمەرلیگ ماویانە، ئەوەش رووبدات و لە پلەی 17 کۆتایی پێبێنن. ئەوە سەرەڕای ئەو راستیەی کە هەر لەم وەرزەدا دوو راهێنەر سەرپەرشتی یانەکەی کردوو؛ پێشتر ئێریک تێن هاخ و پاشان لە مانگی نۆڤێمبێری ساڵی رابردوو تا ئێستا روبن ئامۆریم.
تاکە دەستکەوتێک لەم وەرزە مان یونایتد چاوی لێبێت، یۆرۆپالیگە کە گەیشتوونەتە کۆتایی و رووبەڕووی تۆتنهام دەبنەوە.
بەگوێرەی زۆرێک لە سەرچاوە ئینگلیزیەکان و لەنێویشیاندا رۆژنامەی زە سەن، ئامانجی مانچێستەر یونایتدیان بۆ وەرزی داهاتوو ئاشکراکردووە و باس لەوە دەکەن کارگێڕی یانەکە چاوی لەوەیە وەرزی داهاتوو مان یو بتوانێت خۆی لە یەکێک لە شەش یانەکەی سەرووی ریزبەندیی ببینێتەوە.
لە درێژەی زانیارییەکاندا ئەوەش باسکراوە بردنەوەی یۆرۆپالیگ کە راستەوخۆ دەیانگەیەنێتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هێشتا ئەنجامی ئەو پاڵەوانێتیە گەورەی وەرزی داهاتوویان وەک لەپێشینەی مەبەستەکانیان دەستنیشان نەکردووە.
لە نوێترین لێدوانەکانیدا، خودی راهێنەرە پۆرتوگالیەکە دانی بەو راستیەدانا کە ئەمە خراپترین وەرزە و دەبێت نەریت و کلتووری یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو پیشان بدنەوە.
لەدوای رۆیشتنی سێر ئالێکس فێرگسن لە ساڵی 2013, مان یونایتد نەیتوانیوە هیچ نازناوێکی پرێمەرلیگ بباتەوە ئەگەرچی چەندین راهێنەری بەناوبانگیش، لەوانەی جۆزێ مۆرینیۆ، سەرپەرشتی یانەکەیان کردووە. بەڵام وەک جارێک لە لێدوانە بەناوبانگەکەیدا ئەو راهێنەرە پۆرتوگالیە لە وەڵام رەخنەکان لەدژی کە پلەی دووەمی خولی ئینگلیزی بەدەستهێنا وتی: “دووەمبوون لەگەڵ مانچێستەر یونایتد وەک دەستکەوت وایە”