
یاریگا –
تاوەکو ئێستا مشتومڕی سەر رووداوەکانی یاریی دوێنێ یەکشەممەی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەردەوامن.
رەخنەی توند لە ئالێخاندرۆ هێرناندێز، ناوبژیوانی یارییەکە دەگیرێت و بە پشتگوێخستنی چەندین حاڵەت تۆمەتبارکراوە، ئەو حاڵەتەی زۆرترین مشتومڕی لەسەر دروستبووە، حاڵەتی تۆپ بەردەستکەوتنەکەی ئۆرێلیەن چوامینییە.
لە خوولەکی 79ی یارییەکە، شووتێکی فێران تۆرێس، یاریزانی بارسێلۆنا لە نێو ناوچەی سزا بەردەستی چوامینی کەوت و هاندەرانی بارسا چاوەڕێی هەژمارکردنی لێدانێکی سزابوون.
ناوبژیوان زۆر لە حاڵەتەکە نزیکبوو و هیچ بڕیارێکی نەدا، دواتر مارتینێز مونوێرا، ناوبژیوانی ژووری ڤار، ناوبژیوانی سەرەکی بۆ سەیرکردنەوەی حاڵەتەکە بانگ کرد.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، مونوێرا لە کۆی ڤیدیۆی شەش کامێرای کوالێتی بەرزەوە، تەنیا دوو گۆشەی خستە بەردەست هێرناندێز و لەسەر بنەمای دوو گۆشەکە، بڕیاری هەژمارنەکردنی لێدانی سزایدا.
دەرهێنەری تەلەڤزیۆنی یارییەکە، وێنەکەی لە شەش کامێرای جیاوازەوە خستەبەردەستی ژووری ڤار، بەڵام ناوبژیوانی ڤار بە ناوبژیوانی سەرەکی گوتووە؛ حاڵەتەکە تەنیا لە دوو گۆشەی کامێراوە کوالێتی بەرزە.
گۆشە جیاوازەکانی تۆمارکراو لەلایەن دەرهێنەری یارییەکە






گۆشەکانی ئامادەکراو بۆ ناوبژیوانی سەرەکی

