
یاریگا –
ئاندی رۆبێرتسن، یاریزانی لیڤەرپوول بە توندی بەرگری لە بڕیارەکەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد دەکات.
رۆبێرتسن و ئارنۆڵد بۆ ماوەیەکی درێژ بەیەکەوە بەباشترین دوو باڵی پرێمەرلیگ هەژماردەکران و لەسەردەستی یورگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانەکە درەوشانەوە.
هەفتەی رابردوو ئارنۆڵد بڕیاری جێهێشتنی لیڤەرپوولی لە کۆتایی ئەم وەرزە ئاشکراکرد، ئەمەش کاردانەوەی توندی هاندەرانی لیڤەرپوولی لێکەوتەوە.
لە یاریی دوێنێی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگ 2-2، هاندەرانی لیڤەرپوول هۆیهایان لە ئارنۆڵد کرد و ئاستی نیگەرانی و تووڕەیی خۆیان پیشانی ئەستێرە سکاوزییەکەدا.
رۆبێرتسن، کاپتنی هەڵبژاردەی سکۆتلاند پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئارنۆڵد دەربڕی و سوپاسیکرد، وەکو یاریزان هاوکارییەکی زۆری کردووە؛
هەست و سۆزێکی زۆرم هەیە، بەڕاستی ئەم ساتانە زۆر یەکلاییکەرەوەن و ناتوانم بە ئێوە بڵێم چۆن هەست بکەن، تەنیا دەتوانم هەستی خۆم دەرببڕم.
بە لەدەستدانی هاوتیمەکەم زۆر نیگەرانم، بەیەکەوە کاری زۆر گەورەمان کردووە، ترێنت یاریزان و کەسێکی سەرسامکەرە، ئەو وایلێکردم ببمە یاریزانێکی باشتر و ئەم قسەیە لە دڵەوە دەکەم.
ئارنۆڵد منی گەیاندە ئەو ئاستەی ئێستام، پێشتر هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد ئەم قۆناخە لە تۆپی پێدا هەیە. بەردەوام پاڵپشتی دەکردم.
میراتی ترێنت لەم یانەیە زۆر روون و ئاشکرایە، چەندین نازناوی بردووەتەوە، مێژوو هەمووی نووسیوەتەوە.
بڕیارەکە بۆ ترێنت ئاسان نەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارەکەیدا، بەڕاستی ناخۆشە هۆیها لە هاوڕێکەت بکەن، بەڵام وەکو باسم کرد، ناتوانم بە خەڵک بڵێم چۆن هەست و هەڵسوکەوت بکەن.
ناتوانم پێتان بڵێم چۆن هەست بکەن، بەڵام زۆر شانازی بە ترێنت دەکەم، وەکو یاریزان زۆرم خۆشدەوێت و وەکو هاوڕێش زۆر خۆشم دەوێت. وەکو یەکێک لە باشترین هاوڕێی تۆپی پێ، بیری دەکەم.
ئەمە یەکەم یاریی ئارنۆڵد بوو دوای بڕیاری جێهێشتنی ئانفیڵد و لە گێمی دووەم چووە شوێنی کۆنۆر بڕادلی، شوێنگرەوەی ترێنت لە لیڤەرپوول.
پێشبینی دەکرێت لە دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، ئارنۆڵد بەخۆڕایی پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات.