
یاریگا –
بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەندرێن لە یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان، زاخۆ پشت بە سێ یاریزانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەبەستێت.
دووشەممە ( 12ـی ئایاری 2025 ) کاتژمێر 4ـی ئێوارە لە یاریگای فرانسۆ هەریری یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان لە نێوان زاخۆ و هەندرێن بەڕێوەدەچێت، هەندرێن لە یانەکانی پیشەسازی و زانکۆی جیهان و ئاکرێی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامەکە، وەرزی رابردووش بە بردنەوەی لە ئاکرێ بووە پاڵەوانی جامی هەرێمی کوردستان.
بۆ ئەم یارییە زاخۆ پشت بەتوانای هەریەک لە یاریزانان شڤان جەمیل و حەمید حاجی و لاس هەمەوەند دەبەستێت کە لە تیپی یەکەم لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاریی دەکەن، گێلێرمی سانتۆس هێرشبەری بەرازیلی زاخۆ و گۆڵکاری جامەکە بەهۆی پێکانەوە بەشداری یارییەکە ناکات.
زاخۆ بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان لە یانەکانی سێمێل و رزگاری و برایەتی و کفری بردەوە، لە وەرزی 2022 _ 2023 لە قۆناخی 32ـی جامی هەرێمی کوردستان، هەندرێن 1 _ 0 لە زاخۆی بردەوە و لە پاڵەوانێتیەکە دووریخستەوە.