
یاریگا –
بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی، نەورۆز بە ئامانجی دووەم سەرکەوتن بەدوای یەک میوانداری نەفت دەکات.
لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، کاتژمێر 8:30ـی شەوی دووشەممە ( 12ـی ئایاری 2025 ) نەورۆز لە یاریگای خۆی میوانداری نەفت دەکات، بە هۆی شەڕ و ئاژاوەی بەرامبەر زاخۆ و بەبڕیاری یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، تا کۆتایی ئەم وەرزە نەورۆز یارییەکانی بەبێ هاندەر دەکات لە یاریگای خۆیدا.
تەواوی یاریزانەکانی نەورۆز بۆ یارییەکە ئامادەن تەنها راستگۆ فەریقی ناوەڕاستکار نەبێت کە بەهۆی نەشتەرگەرییەوە دوور دەکەوێتەوە، نەورۆز بە ئامانجی دووەم سەرکەوتن بەدوای یەک یارییەکە دەکات دوای ئەوەی گەڕی رابردوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 0 لە نەجەفی بردەوە.
نەورۆز و نەفت لە مێژوودا حەفت یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە دوو یارییدا براوە بووە و نەفتیش یەک یاریی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و لە چوار یارییشدا یەکسان بوونە، نەورۆز نۆ گۆڵی تۆمار کردووە و نەفت هەشت گۆڵی کردووە، لە وەرزی 2021 _ 2022 لە قۆناخی 32ـی جامی عێڕاق نەورۆز بە لێدانی یەکلاکەرەوە نەفتی لە پاڵەوانێتیەکە دوورخستەوە.
سوور پۆشەکانی سلێمانی 41 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 11 دێن، یاریی داهاتووش هەر لە سلێمانی رووبەڕووی نەفتی بەسڕە دەبێتەوە، نەفت 48 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.