
یاریگا –
بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر دیالا، هەولێر توانای هێرشبەرێکی بۆ گەڕاوەتەوە و دوو یاریزانیش گومانیان لەسەرە.
دوو شەممە ( 12ـی ئایاری 2025 ) لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر کاتژمێر 6ـی ئێوارە لە یاریگای مەدینە رووبەڕووی دیالا دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە هەولێر توانای یوسف بن سۆدەی هێرشبەر و حەیدەر ئەحمەدی بەرگریکاری بۆ گەڕاوەتەوەو بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادە دەبن، عەباس یاسین و هیگۆڕ ڤیدال و هیلیۆ مۆنتێڕۆ تا ئێستا بەتەواوی لە پێکان چاک نەبوونەتەوە و بەشداری یارییەکە ناکەن.
دیالا لە قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بە ئاستێکی بەرز تێپەڕ دەبێت و لە کۆی 13 یاریی پێنج سەرکەوتن و چوار یەکسان بوون و چوار شکستی هەیە، هەولێریش گەڕاوەتەوە سەرکەوتن و لە دوو یاریی رابردوودا شەش خاڵی بەدەست هێناوە.
دیالا و هەولێر لە مێژوودا حەفت یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، دیالا هیچ یارییەکی نەبردۆتەوە و شەش شکست و یەک یەکسان بوونی هەیە، هەولێر 16 گۆڵی کردووە و دیالا یەک گۆڵی تۆمارکردووە ئەویش لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بوو کە هەولێر 2 _ 1 براوە بوو.
هەولێر بە 41 خاڵ لە ریزبەندی 13 دێت و گەڕی داهاتووش میوانداری تەڵەبە دەکات، دیالا 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 17ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.