
یاریگا –
دوای یەکسان بوونی بەرامبەر تەڵەبە لە دەرەوەی یاریگای خۆی، دهۆک تا دێت کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە دەست دەدات.
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 18ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی 0 _ 0 لەگەڵ تەڵەبە یەکسان بوو، مەسعود میڕال راهێنەری دهۆک دەڵێت دەکرا یارییەکە ببەینەوە بۆ ئەوەی لە سەرووی ریزبەندی زیاتر نزیک ببینەوە.
راهێنەری دهۆک دەربارەی ئاستی تیپەکەی و ئەنجامی یارییەکە گوتی:
لە سەرەتای یارییەکە تەڵەبە پاڵەپەستۆی لە ئێمە کرد بەڵام دەرفەتمان پێنەدان گۆڵ تۆمار بکەن، تەڵەبە لەڕووی جەستەییەوە تیپێکی زۆر باش بوون، لە دوایین 30 خولەکی کۆتایی یارییەکە ئێمە تۆپی پێی راستەقینەمان کرد، چەندین تۆپ گواستنەوەی باشمان کرد لە نێوان یاریزانەکان بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی گۆڵ تۆمار بکەین، دەکرا ئەم یارییە ببەینەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە ریزبەندی پێشەوە نزیک بینەوە.
چوارشەممەی داهاتوو ( 14ـی ئایاری 2025 ) جارێکی تر دهۆک لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە یاریگای خۆی رووبەڕووی تەڵەبه دەبێتەوە، هەڵۆکانی چیا 48 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێن.