
یاریگا –
کاتی راگیرانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئاشکرابوو، کۆتایی ئەم مانگە یارییەکانی خولەکە رادەوەستێت.
ریاز هادی ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند :’رۆژی 20ـی ئەم مانگە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق رادەوەستن، بۆ ئەوەی دەرفەت بە یاریزانەکان بدرێت پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە بکەن’.
هەروەها دەشڵێت :’هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی ئەم مانگە لە بەسرە کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە و یاریزانەکانی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق پەیوەندی بە کەمپەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەکەن، گراهام ئارنۆڵد داوای هیچ یارییەکی دۆستانەی نەکردووە و دەیەوێت لە کەمپەکە هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵاوتنەکانی ئاسیا لە مۆندیالی 2026 ئامادە بکات’.
خشتەی یارییەکانی گەڕی سی و سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاندراوە، پێدەچێت خشتەی یارییەکانی گەڕی سی و چوارەمیش ئاشکرا بکرێت و دوای ئەو گەڕە یارییەکانی خولەکە رابگیرێت.
تاوەکو ئێستا 32 گەڕ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەچوون، زەوڕا و شوڕتە بە کۆکردنەوەی 68 خاڵ پێشەنگی خولەکەیان گرتووە کە شوڕتە یارییەکی دواخراویشی هەیە، زاخۆ بە 57 خاڵ سێیەم و تەڵەبە بە 56 خاڵ چوارەمە، قوە جەوییەش بە 50 خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت و دهۆکیش بە 48 خاڵ شەشەمە کە پێنج یاریی دواخراوی ماوە.
عێراق سەرەتای مانگی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە دوو یاریی چارەنووسساز رووبەڕووی کۆریای باشوور و ئوردن دەبێتەوە، ئەگەر ئەو دوو یارییە ببەنەوە، شێرەکانی رافیدەین راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی داهاتوو.