ئارسیناڵ گرێبەستی ئەستێرەیەک نوێدەکاتەوە
گەنەرز چاوی لە بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەیە

یاریگا –
ئارسیناڵ خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بڕیاری نوێکردنەوەی ئەستێرەیەکی داوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ لیاندرۆ ترۆسارد، ئەستێرەی بەلجیکی دەستپێکردووە و دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
ئارسیناڵ ترۆساردی لە ساڵی 2023 بە 27 ملیۆن پاوەند لە برایتن گواستەوە و ئێستا یەکێکە لە یاریزانە پشتپێبەستراوەکانی میکێل ئارتێتا لە قەڵای ئیمارات.
گرێبەستی ئێستای ترۆسارد لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت و گەنەرز بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش هەیە، بەڵام ئێستا دەیەوێت گرێبەستی لیاندرۆ تاوەکو هاوینی ساڵی 2029 نوێبکاتەوە.
هەرچەندە ترۆسارد تەمەنی لە 30 نزیکبووەتەوە، بەڵام گەنەرز تەواو متمانەی بە یاریزانەکەیە و چاوی لە هێشتنەوەیەتی تاوەکو چوار ساڵی دیکە.
ترۆسارد لە یەکەم وەرزیدا لە ئارسیناڵ بەشداری لە 35 یاریدا کرد و هەشت گۆڵی کرد و شەش گۆڵی دیکەشی دروستکرد.
لە هاوینی رابردوودا، ئیتیحادی سعوودی ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ترۆسارد پێشکەشکرد، بەڵام هەرزوو ئۆفەرەکە رەتکرایەوە و لەو ساتەوە بیرۆکەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ترۆسارد گفتوگۆی لەسەرکرا.
ئارسیناڵ پلانی نوێکردنەوە و بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی هەیە، بۆیە ترۆسارد لە پلانەکانی ئارتێتا شوێنی دەبێتەوە.