هەوڵی کوشتنی گۆڵپارێزی پێشووی نەسر دەدرێت

یاریگا –
گۆڵپارێزی پێشووی نەسری سعوودی لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشی کرایە سەر و هەوڵی دزی لێکردنی و کوشتنیدرا.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە یاریزانانی فلامینگۆ دوای گەڕانەوەیان لە ئەرجەنتین و نیشتنەوەیان لە ریۆ دی جانیرۆ، بوونە ئامانجی هەوڵی دزیکردن. بەگوێرەی راپۆرتی یانەکە، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە گۆڵپارێزی تیپەکەیان، ئاگۆستین رۆسی، گۆڵپارێزی پێشووی نەسری تێدابووە، چوار گولەی بەرکەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
بەگوێڕەی راگەیەندراوی فەرمی یانەکە، یاریزانانی فلامینگۆ لە نزیکەی کاتژمێر 5:30 خولەکی بەیانی دوای گەڕانەوەیان لە یارییەکی جامی لیبێرتادۆرێس لە ئەرجەنتین گەیشتوونەتە شارەکە. لەگەڵ گەیشتنیان، ئۆتۆمبێلی چەند یاریزانێک بوونە ئامانجی هەوڵی دزیکردن لەسەر رێگای لینیا ئاماریلا، لە نزیک ناوچەی بۆنسوزۆ لە باکووری ریۆ.
یانەی فلامینگۆ لە بەیاننامەیەکدا نووسیویانە؛
“ئەو ئۆتۆمبێلەی کە گۆڵپارێزی تیپەکەی هەڵگرتبوو، ئاگۆستین رۆسی، بە چوار گولە کرایە ئامانج، سەرەڕای سەختی رووداوەکە، هەوڵی دزەکان سەرکەوتوو نەبوو و هیچ یەکێک لە یاریزانان و سەرنشینەکانیش بریندار نەبوون”.
Algumas imagens de como ficou o carro de Agustín Rossi, goleiro do Flamengo, que teve o carro alvejado por 4 tiros durante uma tentativa de assalto no Rio de Janeiro. pic.twitter.com/92T8Hhv3lv
— Raisa Simplicio (@simpraisa) May 8, 2025
هەروەها بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی یانەکە پشتڕاستی کردەوە کە سەرجەم یاریزانان ئێستا لە ماڵەوەن و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
ئۆگستین رۆسیش کە بۆ ماوەیەکی کورت هاوتیمی رۆناڵدۆ بوو لە نەسر، لە بەیاننامەیەکی تایبەتدا رایگەیاند کە ” بووەتە قوربانی نەبوونی ئاسایشی گشتی لە ریۆ دی جانیرۆ” و سوپاسی هاندەرانی کرد بۆ پەیامی پشتیوانیکردنیان.
پۆلیسی سەربازی ویلایەتی ریۆ رایگەیاند کە پۆلیسی رێگاوبانەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کردووە. تاوەکوو ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ ناسینەوەی تاوانبارانی رووداوەکە، لەڕێگەی پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری ناوچەکە.