
یاریگا –
دهۆک سێیەم یاریی بەدوای یەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و ئەمجارەیان لە بەغدا بەرامبەر تەڵەبە یاریی دەکات.
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 18ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، شەممە ( 10ـی ئایاری 2025 ) دهۆک کاتژمێر 7ـی ئێوارە لە یاریگای مەدینە رووبەڕووی تەڵەبە دەبێتەوە، دوای ئەوەی دوو یاریی رابردووی بەرامبەر نەفتی بەسڕە و نەفت لە دەرەوەی یاریگای خۆی کرد، یاریی تەڵەبە دەبێتە سێیەم یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەیکات.
دەبوو ئەم یارییە لە گەڕی 18 لە کاتی خۆی بکرێت، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی دهۆک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو یارییەکە دواخرا، پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداری تەڵەبە بکات لە قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، مەرجە ئەم یارییە بکرێت بەر لە یاریی گەڕانەوە.
بۆ ئەم یارییە دهۆک بە هۆی پێکانەوە لە توانای محەمەد سەعیدی بەرگریکار بێبەش دەبێت، لۆکاس تۆڕسی بەرگریکاری بەڕازیلیش بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو ناتوانێ بەشداری بکات، دهۆک توانای زوڵفەقار یونسی بۆ گەڕاوەتەوە و بەتەواوی لە پێکان چاکبۆتەوە، یانیک زاکیری بۆ ئەم یارییە ئامادە دەبێت دوای ئەوەی بە هۆی کارتی سوور یاریی رابردوو بەرامبەر نەفت یاریی نەکرد.
دهۆک و تەڵەبە لە مێژوودا 25 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، دهۆک لە هەشت یارییدا براوە بووە و تەڵەبە 11 یاریی بردۆتەوە و لە شەش یارییشدا یەکسان بوونە، هەڵۆکانی چیا 17 گۆڵیان کردووە و تەڵەبەش 31 گۆڵی تۆمار کردووە، لە وەرزی 2022 _ 2023 لە جامی عێڕاق تەڵەبە 1 _ 0 دهۆکی بردەوە و لە جامەکە دووریخستەوە.
بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ لە 26 یارییدا دهۆک لە ریزبەندی هەشتەم دێت، چوارشەممەی داهاتووش ( 14ـەی ئایاری 2025 ) میوانداری تەڵەبە دەکات، تەڵەبە 55 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.