
یاریگا –
تۆنی کروس ئەفسانەی ئەڵمانی و یاریزانی پێشووی ریال مەدرید ستایشی ئاستی بارسێلۆنا و لامین یامال دەکات.
کروس لە نوێترین چاوپێکەوتنی باسی رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا و ئینتەر میلان لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکات و سەرسامی خۆی بە ئاستی تیپەکەی هانزی فلیک و بەتایبەتی ئاستی لامین یامال دەردەبڕێت.
کاتێک بارسێلۆنا هەمیشە لە هێڵی ناوەڕاست بەرگری دەکات ئاساییە بەرامبەر تیپە بەهێزەکان کێشەی بۆ دروست ببێت و حەوت گۆڵی لێبکرێت.
دەتوانیت بە سادەیی چێژ لە ئاستی یاریزانانی بارسێلۆنا وەربگریت، لە یاریی یەکەم 2-0 دواکەوتن و لە یاریی گەڕانەوەش 2-0 دواکەوتن، هەمیشە ئاسان نییە بەرامبەر ئینتەر میلان بگەڕێیتەوە چوونگە بەرگرییەکی تۆکمە دەکەن، بەڵام بارسێلۆنا دووجار گەڕایەوە.
بۆیە کاتێک شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنا دەبینیت پێویستە رێزێکی زۆر لە هانزی فیلیک و بارسێلۆنا بگریت و شایستەی ستایشێکی زۆرن.
ئەوەش بەهۆی کواڵێتی ئاستی بەکۆمەڵ و ئاستی تاکەکەسیش بەدیهاتووە، زۆر سەرسوڕهێنەر بوو کە لە 45 خولەکدا توانیان بۆشیی بدۆزینەوە و گۆڵ بکەن، ئەوەی زیاتر سەرسامی کردم ئەوەبوو بەرگرییە تۆقێنەرەکەی ئینتەر میلان زۆر لاواز دەردەکەوت لە بەرامبەریان، نەک تەنیا لە یاریی دووەم بەڵکو لە هەردوو یارییەکە بەوشێوەیە بوو.
هاوکات تۆنی کروس لەبارەی لامین یامال دەڵێت؛
بەرگریکردن بەرامبەر لامین یامال زۆر سەختە، هەمیشە بڕینی یاریزان قورسە، بەڵام کاتێک یاریزانێک دەبڕێت و دەچێتە ناوەوە هەمووان چاوەڕوانن یاریزانێکی دیکە ببڕێت بەڵام پاسێک دەنێرێتە قوڵایی ئەوەش بۆ بەرگریکاران سەختە. هەمیشە رێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پاسێکی دروست بدات و وە بۆ وەرگرتنەوەی تۆپیش تێدەکۆشێت و دەگەڕێتەوە دواوە.
وەک بینیتان لە یارییەکەی ئینتەر میلان ئەو کوڕە تەمەنی تەنیا 17 ساڵە کەچی وزەیەکی ئەرێنی زۆری بەناو تیپەکەدا بڵاوکردبووەوە و بەهۆی ئەو وزە ئەرێنییەش ئاستی تیپەکە بەرزتر دەبووەوە.
تۆنی لەبارەی یارییەکە زیاتر دەدوێت و دەڵێت؛
ناڵێم هاندەری ئینتەر میلانم بەڵام من هاوسۆزی ئینتەربووم، چونکە 10 ساڵ یارییم بۆ ریال مەدرید کردووە حەزم دەکرد ئینتەر میلان بیباتەوە و دڵخۆشبووم بە ئەنجامەکە.
تۆنی کروس هاوینی رابردوو و دوای یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەیەکجاری ماڵاوایی لە لاکێشەی سەوزکرد و وازی لە یاریکردن هێنا.