دوایین پەرەسەندن؛ گفتوگۆی نێوان ئارسیناڵ و سالیبا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دەستیپێکرد
"سالیبا لە ئارسیناڵ دڵخۆشە"

یاریگا –
ئارسیناڵ لەگەڵ ویلیام سالیبا، بەرگریکاری فەڕەنسی گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێکردووە و نایەوێت دەستبەرداری ببێت.
رۆژنامەنووسی تۆڕی ئاتلێتیک دەیڤد ئۆرنشتاین بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ دەیەوێت کۆتایی بە سەرجەم گومانەکان بهێنێت و لەگەڵ ویلیام سالیبا گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ کاتێکی درێژخایەن کردووە.
گرێبەستەکەی سالیبا لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت، ریال مەدریدیش یاریزانەکەی کردووەتە ئامانجێکی سەرەکی.
ئۆرنشتاین ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە چەند یانەیەکی دیکە گرنگی بە سالیبا دەدەن، بەڵام ئەگەر ئارسیناڵ جێبهێڵێت ئەوا پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.
🚨 Arsenal have opened talks over new contract for William Saliba. No offer yet but expected soon as dialogue ramps up between Andrea Berta & 24yo’s camp. France defender happy at #AFC but will want terms reflecting status amid #RMFC pursuit @TheAthleticFC https://t.co/VS6Duio9xz
— David Ornstein (@David_Ornstein) May 9, 2025
بەڵام ئارسیناڵ نیازی نییە دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، هەر بۆیە ئاندریا بێرتا، بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە لەگەڵ کەمپی ویلیام سالیبا دەستی بە گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کردووە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمییان پێشکەش نەکردووە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی گفتوگۆکان ئۆفەرە نوێیەکەش دەخرێتە سەر مێزەکە.
بەرگریکارە 24 ساڵانییەکە لە ئارسیناڵ دڵخۆشە بەڵام دەیەوێت گرێبەستە نوێیەکەی رەنگدانەوەی ئەو ئاستەی بێت کە ئێستا وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان پێشکەشی دەکات و شایستە داراییەکانی زیاد بکرێن.
سالیبا لە هاوینی 2019 بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە سانت ئیتیانەوە پەیوەندی بە ئارسیناڵ کرد و لە هاوینی 2027 گرێبەستەکەی بەسەردەچێت، ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ نەکرێتەوە ئەوا ئارسیناڵ لەوانەیە لە هاوینی داهاتوودا، بۆ دەستکەوتنی پارەیەکی باش، دەستبەرداری تواناکانی ئەستێرە فەڕەنسییەکە ببێت.
دوایین پەرەسەندن؛ ئارسیناڵ بەئاسانی دەستبەرداری ویلیام سالیبا نابێت