
یاریگا –
دوای سەرکەوتنیان بەرامبەر کارەبا، راهێنەری زاخۆ داوا لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق دەکات سزای سەپێنراوی سەر یانەکە هەڵبگیرێت.
زاخۆ لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ لە دەرەوەی یاریگای خۆی 3 _ 0 لە کارەبای بردەوە، یەکەم سەرکەوتن بوو زاخۆ بەدەستی هێنا لە ژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهدی راهێنەر کە دووەم یاریی بوو ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی وەرگرتووە.
عەبدولغەنی شەهد دوای یارییەکە باسی لە ئاستی یاریزانەکان و ئەنجامی یارییەکە کرد و گوتی:
یاریزانەکانم بەرامبەر کارەبا توانایەکی زۆریان سەرفکرد لە نێو یاریگا و سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵ و سوپاسیان دەکەم، یارییەکە وێستگەیەگی گرنگ بوو بۆ ئێمە، چونکە یەک یاریی بوو ئەرکی تیپەکەمان وەرگرتبوو کە ئەویش بەرامبەر زەوڕا بوو، تیپەکە دەیناڵاند بەدەست ئەنجامی خراپەوە بۆیە سەرکەوتنەکە لەکاتێکی باشدابوو، یارییەکە تاک لایەن نەبوو کارەباش باش یاریی کرد، بەڵام ئەزموونی یاریزانەکانی ئێمە یارییەکەی یەکلا کردەوە، داوا لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق دەکەم سزای سەر یانەکە هەڵبگرێت و لەم چەند گەڕەی کۆتایی هاندەرانی زاخۆ بتوانن لە نێو یاریگا ئامادەبن.
پێنج یاریی رابردوو زاخۆ هیج سەرکەوتنێکی تۆمار نەکرد بوو، دوو یەکسان بوون و سێ شکستی هەبوو یاریزانانی زاخۆ لە هەر پێنج یارییشدا گۆڵیان تۆمار نەکردبوو.
بەم سەرکەوتنە زاخۆ جارێکی دیکە ریزبەندی سێیەمی لە تەڵەبە وەرگرتەوە بە 56 خاڵ و گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی حدوود دەبێتەوە.