چاوەڕواننەکراو؛ دوو یانەی پێشەنگی ئێستای خولە بەهێزەکانی ئەوروپا دی برۆینیان دەوێ

یاریگا –
سەرباری هەڵکشانی تەمەنی و پاش 17 ساڵ یاریکردنی وەک یاریزانی پیشەگەر لە ئەوروپا، کێڤن دی برۆین سەرلەنوێ بووەتە جێی بایەخی یانە ناودارەکانی ئەو کیشوەرە.
سەرەتاکانی مانگی رابردوو دی برۆین رۆیشتنی لە مانچێستەر سیتی راگەیاند دوای 10 ساڵ پۆشینی درێسە شینە ئاسمانییەکە.
بەگوێرەی نوێترین زانیاریی لە سەرچاوەکانی سکای سپۆرتس و کاڵچیۆ مێرکاتۆ یانەی ناپۆلی بایەخی راستەقینەی بۆ گواستنەوەی ئەستێرە بەلجیکیەکە پیشانداوە. جیا لەو یانە ئیتاڵیە کە ئێستا پێشەنگی خولی وڵاتەکەیتی، هاوکات لیڤەرپوولی پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگیش نیازی خۆی بۆ گواستنەوەی ئەفسانەکەی سیتی خستووەتەڕوو.
بە سەرکەوتنی هەریەکە لەو دوو یانەیە، تێچووی گواستنەوەی یاریسازەکە ناکەوێتە ئەستۆ بەوپێیەی لە مێرکاتۆی هاویند یاریزانێکی ئازادە دوای بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی شاری مانچێستەر. بەوەش ناوەڕاستکارێکی بەئەزموونیان بەخۆڕایی دەستدەکەوێت و تەنها دابینکردنی مووچەکەیان دەکەوێتەسەر.