یانەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ چاویان لە گواستنەوەی یاریزانێکی کوردە
یانەیەکی چامپیۆنشیپ ئۆفەرێکی پێشکەشی بۆتان ئەمین کردووە

یاریگا –
یانەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ چاویان لە گواستنەوەی یاریزانێکی کوردە، یانەی نۆریچ سیتی ئینگلیزی ئۆفەرێکی پێشکەشی بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی کوردی یانەی سویندن تاون کردووە، بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەکانی.
ماڵپەڕی The Moonrakerـی بەریتانی ئاشکرایکردووە، یانەی نۆریچ سیتی ئینگلیزی هەفتەی رابردوو ئۆفەرێکی پێشکەشی سویندن تاون کردووە بۆ ئەوەی بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی کوردی یانەکە بباتە ریزەکانی، نۆریچ سیتی کە لە ریزی یانە پلە یەکەکانی ئینگلتەرا بەشداریی دەکات، نزیکە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە کوڕە کوردەکە بکاتە یاریزانی خۆی.
بەگوێرەی ماڵپەڕە بەریتانییەکە کە دەکەوێتە شارۆچکەی سویندن لە ناوچەی وایڵتشایەر، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ ماوەیەکە چاودێری بۆتان ئەمین دەکەن و نۆریچ سیتی یەکەم یانەیە ئۆفەری پێشکەشی سویندن تاون کردووە و دەیەوێت ئەم هاوینە بیباتە ریزەکانی.
بۆتان ئەمین کە لەم وەرزە بە درێسی سویندن تاون لە 18 یاریی 744 خولەک بەشداریی کردووە و لە 5 یاریی سەرەکی بووە، 2 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئایان هۆلۆوای، راهێنەری سویندن تاون دەرفەتی یاریکردنی زیاتری پێداوە و دەیەوێت لە سویندن تاون بیهێڵێتەوە کە لە ریزی یانە پلە چوارەکانی ئینگلتەرا بەشداریی دەکات.
ئایان هۆلۆوای، راهێنەری سویندن تاون پێشتر لەبارەی بۆتان ئەمین لە لێدوانێکیدا گوتبووی:’بۆتان ئەمین شێوازی یاریکردنی وەکو رایان گیگزە، هەرکاتێک یاریکردنی دەبینم گیگزم بیر دەکەوێتەوە، ئەم جۆرە یاریزانانە هەروا بە ئاسانی دروست نابن’.
بۆتان ئەمین کێیە؟
بۆتان ئەمین (لەدایکبووی 24ـی ئەپرێلی 2007) لە لاوانی کوینز پارک رینجەرزی ئینگلیزی دەستی بە یاریی کردووە و لەوەتەی ساڵی 2023 لە تیپی خوار 18 ساڵانی سویندن تاونی ئینگلیزی یاریی دەکرد، ئەم وەرزە چەند جارێک لەلایەن ئایان هالۆوای راهێنەری تیپی یەکەمی سویندن تاون بانگهێشت دەکرا، لە سەرەتای ئەمساڵ وەکو یاریزانێکی پیشەگەر گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرا و بووە یاریزانی تیپی یەکەمی سویندن تاون کە لە لیگ توو بەشدارە (دوای پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ و لیگ وەن خولی پلە چواری ئینگلتەرایە).
وەرزی رابردوو بۆتان لە جامی لاوانی یەکێتیی ئینگلتەرا هەمووانی سەرسام کرد، لەگەڵ سویندن تاون لە سێ یاری چوار گۆڵی کرد. لە قۆناخی سێیەم بەرامبەر لوتن تاون یاریی کرد، دواتر لە قۆناخی چوارەم بەرامبەر مانچێستەر یونایتد هەردوو گۆڵی یارییەکەی کرد و ئەو دووانەیە بووە هۆی ئەوەی سەرنجی هەموو ئینگلتەرا رابکێشێت، لە قۆناخی پێنجەم ئەو کوڕە کوردە رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بردنەوەی سویندن هەبوو کاتێک 2-1 لە سەندەرلاندیان بردەوە، بۆتان گۆڵی سەرکەوتنی لە یارییەکە کرد.
پێشتر رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردبوو، یانەکانی مانچێستەر یونایتد و وۆلڤەرهامتنی ئینگلیزی چاودێری بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی دەکەن، دەیانەوێت ئەو یاریزانە کوردە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە بۆتان بە یەکێک لە یاریزانە بەهرەمەندەکانی ئێستای ئینگلتەرا دادەنرێت.