فرانچیسکۆ ئەچێربی؛ ئەو پیاوە 37 ساڵانەی نەیهێشت شێرپەنجە و خەمۆکی و بارسێلۆنا سەربکەون
ئەو پیاوەی ئەگەر شێرپەنجە نەبووایە وازی لە یاریکردن دەهێنا و پێشتر دوو جار لە مردن گەڕاوەتەوە

یاریگا –
ئەچێربی بەو گۆڵەی لە دوایین ساتەکانی کاتی ئاسایی یاریی ئینتەر میلان و بارسێلۆنا کردی، نەیهێشت یانەکەی بدۆڕێت، وەکچۆن 12 ساڵ لەمەوبەر نەیهێشت شێرپەنجە و خەمۆکی لێی ببەنەوە، یاریزانە 37 ساڵانەکەی ئینتەر میلان دوای ئەوەی یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، گۆڵەکەی پێشکەشی رۆحی باوکی کۆچکردووی کرد و سەرکەوتنەکەشی پێشکەشی ڤیکتۆریای کچی کرد.
ئەو سەرکەوتنەی ئەچێربی و هاوڕێیەکانی بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستیان هێنا، بەرهەمی دەیان ئاڵنگاری و کۆڵنەدان بوو، ئەچێربی تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی لە خولی پلە دوو یاریی دەکرد، لە دەستپێکی گەشانەوەی باوکی لەدەست دا، ئینجا تووشی خەمۆکی و شێرپەنجە بوو، بەڵام هەر کۆڵی نەدا، ساڵی 2021 جامی نەتەوەکانی ئەوروپای لەگەڵ ئیتاڵیا بەدەستهێنا و ئێستاش نزیکە لەگەڵ ئینتەر ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
12 ساڵ لەمەوبەر دوو جار لە شێرپەنجە و جارێک لە خەمۆکیی بردەوە
لە یۆلیۆی 2012 کاتێک ئەچێربی لە تەمەنی 25 ساڵیدابوو، دوای ئەوەی لەگەڵ کیێڤۆ ڤیرۆنا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، ئەو یاریزانە ئیتاڵییە چووە ریزەکانی ئەیسی میلان، کە ئەوکات ئەم بەرگریکارە ئیتاڵییە بە هاتنەدی یەکێک لە خەونەکانی خۆی وەسفکرد.
بەڵام لەو ساڵەدا باوکی گیانی لەدەست دا، کە نزیکترین هاوڕێێ ژیانی بوو، ئەچێربی تا سەر لێواری لەناوچوون رۆیشت، بەهۆی ئاڵوودەبوونی بە خواردنەوە کحولییەکان، ئەو بەرگریکارە تووشی خەمۆکی بوو. لەبەر ئەوەی لە رووی دەروونییەوە تەواو وێران بوو، تەنیا دوای شەش مانگ ئەیسی میلانی بەجێهێشت و چووە ریزەکانی جێنەوا.
لە یۆلیۆی 2013 ئەچێربی کاتێک پەیوەندی بە ریزەکانی ساسۆلۆ کرد، دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ کرا دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی گوون بووە، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ کرا و چارەسەری وەرگرت، ئەو یاریزانە ئیتاڵییە شێرپەنجەی تێپەڕاند و گەڕایەوە یاریگاکان و بەشداریی چەند یارییەکی یانەکەی کرد.
لە دیسەمبەری 2013 جارێکی دیکە شێرپەنجە بەرۆکی ئەچێربی گرتەوە، بەڵام ئەمجارەش ئەم پیاوە ئیتاڵییە خۆی بەدەستەوە نەدا و دوای وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی، بەسەر شێرپەنجەدا سەرکەوت.
مارسی 2014 ئەچێربی بەفەرمی تێپەڕاندن و بەزاندنی شێرپەنجەی راگەیاند، بەرگریکارە ئیتاڵییەکە لە دیمانەیەکی ساڵی 2023ـی لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی لەبارەی تێپەڕاندنی خەمۆکی و شێرپەنجە گوتی :’وەکو ئەوەی لەناو یاریی تۆپی پێدا بم رووبەڕووی شێرپەنجە بوومەوە، بڕوام وابوو دەبێت ببەمەوە و رێگا نەدەم بە شکستی من دڵخۆش بێت’.
ئەچێربی دەڵێت :’چەند رۆژێک پێش ئەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ ئەیسی میلان واژۆ بکەم باوکم گیانی لەدەست دا، من تەواو رووخام، بڕوام وایە ئەگەر شێرپەنجە نەبووایە، من لە تەمەنی 28 ساڵی وازم لە یاریکردن دەهێنا، لەوانەیە هەر لە خولی پلە دوو یارییم کردبا، بەڵام شێرپەنجە وەکو ئاڵنگارییەک وای لە من کرد خۆم بەدەستەوە نەدەم و بەهێزتر بم’.
هەرگیز سیمۆنی ئینزاگی متمانەی بە ئەچێربی لەدەست نەدا
سیمۆنی ئینزاگی حەفت ساڵ لەمەوبەر کاتێک راهێنەری لازیۆ بوو، بە ئەچیربی سەرسام بوو، لە مێرکاتۆی هاوینەی 2018 لازیۆ لەسەر داوای ئینزاگی گرێبەستی لەگەڵ ئەچێربی واژۆ کرد، ئەوکات راهێنەرەکەی لازیۆ گوتی ‘من زۆر فرانچیسکۆم خۆش دەوێت، دڵخۆشم بەوەی لەگەڵمان دەبێت’.
ئینزاگی و ئەچێربی لە لازیۆ بەیەکەوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا، لەو وەرزە رکابەریی یوڤێنتۆسیان کرد لەسەر نازناوی سێریا ئەی، جامی سوپەری ئیتاڵیایان بۆ لازیۆ بەدەستهێنا و هەڵۆیەکانیان بە نازناوەکان شاد کردەوە.
ساڵی 2021 ئەچێربی بووە باوکی سەرکەوتن، دوای ئەوەی بووە باوکی کچێک، بڕیاریدا وەکو هێمایەک بۆ سەرکەوتنی بەسەر شێرپەنجە و خەمۆکی ناو لە کچەکەی بنێت ‘ڤیتۆریا’ کە بە مانای سەرکەوتن دێت، بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە بیری بێت بەسەر دوو دوژمنیدا سەرکەوتووە.
ساڵی 2022 لەسەر داوای ئینزاگی، ئینتەر میلان گرێبەستی لەگەڵ ئەچێربی واژۆ کرد و ئەو بەرگریکارەی بردە ریزەکانی، جارێکی دیکە سیمۆنی ئینزاگی متمانەی بە ئەچێربی بەخشییەوە.
باوکی ڤیتۆریا نەیهێشت ئینتەر میلان بەرامبەر بارسێلۆنا بکەوێت
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ کاتێک تەنیا دوو خولەک مابوو یارییەکە بە سەرکەوتنی بارسێلۆنا کۆتایی بێت، ئەچێربی 37 ساڵان کە هەرگیز لە هیچ خول و پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی گۆڵی نەکردبوو، گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئینتەر میلان کرد و نەیهێشت بارسێلۆنا بۆ یاریی کۆتایی سەربکەوێت.
ئەچێربی کە لە ژیانیدا بە درێسی یانە جیاوازەکان 32 گۆڵی لە کاروانی وەرزشی خۆیدا کردبوو، بە شێوازێکی دراماتیکی گۆڵێکی مێژوویی کرد و یاریی ئینتەر و بارسای گەیاندە کاتی زیادکراو و لەوێش سەرکەوتن و پەڕینەوە یاریی کۆتایی.
دوای بردنەوەکەیان، ئەچێربی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی هاواری کچە چوار ساڵانەکەی دەکرد و دەیگوت ‘ڤیتۆریا من سەرکەوتم، من سەرکەوتم’.