چامپیۆنزلیگگرنگترین

لێدانە سزاکەی ئینتەر ئارسین ڤینگەریشی هێنایە دەنگ

Yariga App

یاریگا –

ئینتەر میلان توانی جەنگەکەی نێو جۆسێپی میاتزا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە کاتێک توانی 4-3 لە بارسێلۆنا بباتەوە و بە کۆی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 7-6 خۆی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

ئینتەر لە خولەکی 21ی یارییەکە لەڕێگەی لاوتارۆ مارتینێز گۆڵی کردنەوەی یارییەکەی کرد. لە خولەکی 45یش هاکان چاڵهانئۆگڵۆ بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی لەسەر بارسا قورسترکرد.

لێدانە سزاکە دوای هەوڵێکی پاو کوبارسی هات بۆ وەستاندنی لاوتارۆ لەنێو ناوچەی سزا، بەڵام مارچینیاکی ناوبژیوان دوای راوێژ لەگەڵ ژووری ڤار و سەیرکردنی ڤار، جووڵەکەی کوبارسی کرد بە فاوڵ و لێدانی سزای بۆ خاوەن ماڵ هەژمارکرد.

لە شیکردنەوەکانیدا لە بیئن سپۆرتس، ئارسین ڤینگەری راهێنەری ئەفسانەیی ئارسیناڵ ناتەبایی خۆی لەگەڵ بڕیارەکەی مارچینیاک پیشاندا و وتی

من زۆر دژی ئەم جۆرە پێناڵتیانەم. هەروەها زۆریش دژی پەنابردنەبەر خاوکردنەوەی (سلۆ-مۆشن)کردنی ڤیدیۆکانم. ئەوەی کوبارسی کردی خۆخشان (شەتح)ێکی نایاب بوو کە یەکەم جار بەر تۆپەکە کەوت. بۆچی دەبێ لە لاوتارۆ بدات؟ دەی تەماشا بکەن لاوتارۆ لەو ساتەدا چی دەکات. ئەوە مارتینێزە کە خۆی بەلای کوبارسیدا پاڵدەخات. خۆی بەدوای لێدانی سزادا دەگەڕێت چونکە دەزانێ ناتوانێ لەو تۆپەدا گۆڵ بکات. بۆیە بەلای منەوە ناوبژیوان بڕیارە دروستەکەی نەدا. جارێکیتر تەماشا بکەنەوە، یەکەمجار دەدات لە تۆپەکە.

لە میانی روونکردنەوەی حاڵەتەکەدا، میوانێکی دیکەی ستۆدیۆ شیکارییەکە قسە بە ڤینگەر دەبڕێت و دەڵێ بەڵام کوبارسی بەر لاوتارۆ دەکەوێت!ْ ئارسین ڤینگەر بۆ بەرگریکردن لە بۆچوونی خۆی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەوەی بەرکەوتن هەیە، بەڵام بەرگریکارەکەی بلاوگرانا لەپێشدا لە تۆپ دەدات.


دیمەنەکە لەم ڤیدیۆ ببینە:

بابەتی زیاتر

Back to top button