
یاریگا –
لە یاریگای فرانسۆ هەریری و بەبێ ئامادەبوونی هاندەر، هەولێر میوانداری نەفتی میسان دەکات و شێرکۆ کەریمیش بۆ یارییەکە ئامادەیە.
چوارشەممە ( 7ـی ئایاری 2025 ) لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر کاتژمێر 6ـی ئێوارە لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەرامبەر نەفتی میسان یاریی دەکات،بە هۆی سزای یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق لە سەر هەولێر یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەدەچێت.
سێ یاریزانی هەولێر پێکانیان هەیە
هەر یەک لە عەباس یاسین و حەیدەر ئەحمەد و هیگۆر ڤیداڵ بە هۆی پێکان یاریی ناکەن، یوسف بن سۆدەی توونسیش تا ئێستا بڕیاری لە سەر نەدراوە بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت یاخود نا، چونکە بە تەواوی لە پێکانەکەی چاک نەبۆتەوە.
شێرکۆ کەریم بۆ یارییەکە ئامادەیە
شێرکۆ کەریم کاپتنی هەولێر دوای ئەوەی بە هۆی پێکانێکی سووکەوە یاریی رابردوو بەرامبەر کەربەلا چەند خولەکێکی کۆتایی یاریی کرد، چاوەڕوان دەکرێت سبەی بەشێوەی سەرەکی یاریی بکاتەوە و بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکبۆتەوە.
هەولێر لە مێژووی نێوانیان باڵا دەستە
هەولێر و نەفتی میسان لە مێژوودا 13 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر شەش بردنەوەی هەیە و نەفتی میسانیش سێ یاریی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و لە چوار یارییشدا یەکسان بوونە، هەولێر 14 گۆڵی کردووە و نەفتی میسان 11 گۆڵی لە هەولێر تۆمار کردووە.
یەکەم یاریی فەرمی نێوان هەر دوو یانە لە 24 _ 5 _ 2014 بوو لە خولی نایابی عێڕاق، یارییەکەش لە یاریگای مەیموونە لە میسان کرا و هەولێر یارییەکەی 2 _ 1 بردەوە، دواهەمین یاریی نێوان هەر دوو یانەش لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بوو کە لە یاریگای میسانی ئۆڵۆمپی 1 _ 1 یەکسان بوون.
هەولێر 38 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـەی خولەکە دێت، نەفتی میسانیش بە راهێنەرایەتی حوسێن عەبدول واحید 43 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 10ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.