ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

تایبەت؛ شارەزایان و ئەزمووندارانی تۆپی پێ چی لەبارەی لامین یامال دەڵێن؟

راپۆرتێکی تایبەت لەبارەی ئێستا و داهاتووی یامال؛ هەموو هاندەرێکی بارسێلۆنا دەبێ بیخوێنێتەوە

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

دەکرێ بڵێین یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی نێوان بارسێلۆنا و ئینتەر میلان لە چامپیۆنزلیگ، خاڵی وەرچەرخانی کاروانی وەرزشی لامین یامالە.

یامال ئاستێکی نموونەیی لە یارییەکەدا پێشکەشکرد و هانزی فلیک، راهێنەری بارسا لەدوای یارییەکە گوتی؛ یامال بلیمەتە. رای جیاواز لەسەر یامال هەن، بەڵام زۆرینەی شارەزا و یاریزانان پێیان وایە، یامال داهاتووی تۆپی پێی جیهانە.

فلیک وەکو پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بەمشێوەیە رووی دەمی قسەکانی لە یامال کرد؛

نابێ پێشکەشکردنی ئاست تەنیا یەکجار بێت، پێویستە بەردەوام پێشبکەویت و بەسەختی خۆی ماندوو بکات، تاوەکو بگاتە ئاستی کریستیانۆ یان مێسی، یاخود هەر یاریزانێکی گەورەی دیکە.

باش چی وایکردووە یامال ئەوەندە باش بێت؟

بەر لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی نێوان ئینتەر و بارسا، تۆڕی ئاتلێتیک پرسیاری ئاستی یامالی لە چەندین کەسایەتی و شارەزایانی تۆپی پێ کرد، تاوەکو تێبینییەکانیان لەسەر یامال بڵێن.

باس لە تەکنیک، دیدگا، پابەندی و توانای جەستەیی یامال بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان کردووە، هەمووان لە چێژ وەرگرتن لە ستایڵی یامال هاوڕان، راهێنەرێک پێی وایە؛ بەهۆی یاریزانی وەکو یامال، هەموومان تۆپی پێمان خۆشدەوێت.

”پێموانییە پێش مێسی بکەوێت، بەڵام لێی نزیکدەبێتەوە”

رۆمیۆ یۆزاک، بەڕێوەبەری هونەری پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی کڕواتیا (رۆڵی باڵای لە پێگەیاندنی نەوەی زێڕینی وڵاتەکەیان گێڕاوە)

کاتێک لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید هاوتیمی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، پرسیارێکیان ئاڕاستە کرد؛ کێ باشترین یاریزانی جیهانە؟ لوکا لە وەڵامدا گوتی؛ رۆناڵدۆ. پاشان لێیان پرسی، ئەی لەبارەی مێسی چی دەڵێی؟ لوکا گوتی; مێسی بوونەوەری هەسارەیەکی دیکەیە”.

بۆیە، کاتێک باسی لامین یامال دەکەین، هەندێک وردەکاری هەیە لە پەرتووکی راهێنەران شیناکرێتەوە، چونکە لەسەرووی رێڕەوی لۆژیک و بنەماکانی بەرەوپێشچوونە.

لە ئێستاوە لەگەڵ مێسی بەراورد دەکرێت، بەڵام با لێرە باسی یەک نموونەی لۆژیکی بکەین. ئەگەر هەمان رەنگ، فڵچە و کاغەزی لیۆناردۆ داڤێنشی بە نیگارکێشێک بدەین و پێی بڵێین، فەرموو تابلۆی مۆنالیزمان بۆ بکێشەوە، ئایا دەتوانێت بە هەمان ئەندازە بیکێشێتەوە؟ نەخێر زۆر ئەستەمە و ناکرێت، ئەم بەراوردکارییەی نێوان یامال و مێسیش لەم نموونەیە نزیکە.

بەڵام خاڵێکی جەوهەری هەیە و لێکچوونەکان زۆرن، چونکە باشترین نووسەرانی جیهان، سەرەتا چوونەتە قوتابخانە و لە ئەلف و بێ دەستیانپێکردووە، هەمووان بە هەمان شێوە فێری نووسینی ‘دایک و باوک’ کراون، بۆیە لێرە بەهرە بابەتەکە یەکلاییدەکاتەوە.

ئەگەر لیۆ مێسی لە تەمەنی شەش ساڵی تاوەکو 10 ساڵی تۆپی پێ نەکردایە، ئەوا هەرگیز ئەو مێسییەی ئێستای لێدەرنەدەچوو، بۆیە بەهرە پێویستی بە کۆشش و ماندووبوونە.

گۆڵەکەی یامال بەرامبەر ئینتەر میلان / مۆنجویک

زۆر گرنگە یاریزانانی بەهرەمەند، رێز لە ریزبەندی ستراتیجی راهێنانەکان بن، کەسایەتی یامال ناوازەیە و ئەوەی ئێستا دەیبینین، بۆ پابەندی و تۆکمەیی ئەکادیمیای بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە. یامال زۆر رێز لە تۆپی پێی دەگرێت و دەزانێت چۆن تواناکانی بەدرێژایی یارییەکە دابەش بکات.

تەمەنی یامال خاڵی یەکلاییکەرەوەیە بۆ بەراوردکارییەکان، چونکە بەم تەمەن زۆر پێگەیشتوو دەردەکەوێت، لەوانەیە مێسی تێنەپەڕێنێت، بەڵام پێدەچێت زۆر لێی نزیکببێتەوە.

”سەرنج بدەن، کێ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە”

ماتیاس مانا، شیکەرەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

رۆژێک لە رۆژان، سێزار لویس مینۆتی، راهێنەری پێشووی ئەرجەنتین چیرۆکێکی بۆ تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ژووری جلگۆڕین گێڕایەوە.

مینۆتی بانگهێشتی ئامادەبوون لە مەشقەکانی تیمێکی شاری سانتا فی لە ئەرجەنتین کرابوو، ماوەی 600 کیلۆمەتری بڕی تاوەکو مەشقەکان ببینێت.

لەگەڵ تێپەڕبوونی هەندێک کات، پرسیاریان لێکرد، تاوەکو رای خۆی لەسەر شتەکان بڵێت، مینۆتی بێ دوودڵی گوتی؛ ”ئەم پیارە بێنن، چونکە یارییەکانتان بۆ دەباتەوە”. مینۆتی هیچ قسەیەکی دیکەی نەکرد، تەنانەت باسی مێتۆدەکانی راهێنان، دۆخی یاریگا و جۆری مەشقەکانی نەکرد، چونکە دیدی مینۆتی جیاوازبوو و تاکە قسەی ئەوەبوو؛ بیخەنە پێکهاتەی سەرەکی، چونکە یارییەکانتان بۆ دەباتەوە.

بۆچی ئەم چیرۆکەم گێڕایەوە؟ چونکە دڵنیام و گرەو لەسەر ئەمە دەکەم، کاتێک چاڤی هێرناندێز یەکەمجار یامالی بینی، هەمان ئەم هەستەی هەبووە.

یەکەم یاریی یامال لەگەڵ بارسێلۆنا لە تەمەنی 15 ساڵیدا بەرامبەر ریال بێتیس

پێموایە یامال دەتوانێت بە هەموو شێوازێک یاریی بکات کە دڵخوازی خۆی بێت، نزیکە لە شێوازی ئانخێل دی ماریا، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی تۆپ و بە هاوکاری یاریزانانی وەکو پێدری، فرێنکی دی یۆنگ، یامال دەتوانێت زۆر زوو گەشە بکات. چونکە بەڕای من؛ یاریکردن لەگەڵ یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست ئاست بەرز، باشترین رێگەیە بۆ گەشەکردن و خۆبەرەوپێشبردن.

باسی ئەو یاریزانانە دەکەم کە پەلە ناکەن، پێویستییان بە راکردن نییە، تاوەکو بۆشایی بۆ یاریزانی وەکو یامال دروست بکەن، چونکە یامال بابەتەکە ئاسان دەکات و بەباشترین شێوە ئەرکی کەسی خۆی جێبەجێ دەکات.

با بزانین یامال دەتوانێت هاوشێوەی دی ماریا بۆ ماوەیەکی درێژ سەقامگیر بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، چاوتان لە یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست بێت، چونکە هۆکارێکی سەرەکی درەوشانەوەی یامالن.

”چێژ لە یاریکردن وەردەگرێت”

ئێمرێ ئوتکوجان، بەڕێوەبەری بەشی زانیاری‌دەسخەری گاڵاتەسەڕای

یامال یاریزانێکی نائاساییە و شتی زۆر ناوازە لە تەواوی یاریگا پێشکەش دەکات. لەڕووی هونەرییەوە توانای لەڕادەبەدەری هەیە، دیدگای تیژ و تامێکی تایبەت دەبەخشێت. ئەم خەسڵەتانە لە هەموو یاریزانێکی ئەم سەردەمە نابیندرێن، بەڵام یامال هەمووی هەیە.

یامال ئاهەنگ بە بردنەوەی جامی شای ئیسپانیا دەگێڕێت / یاریگای لا کارتوخا

لە تەمەنی 17 ساڵیدا، سەرکردایەتی بارسێلۆنا و ئیسپانیا بۆ سەرکەوتن و بردنەوەی نازناوەکان بکەیت، ئەمە شتێکە پێشتر نەکراوە، چونکە تەمەنی زۆر بچووکە، بەڵام تێگەیشتنێکی بێوێنەی بۆ یارییەکە هەیە.

لامین کێشەی یارییەکان چارەسەر دەکات، لەپڕ دەجووڵێت و بە ئاسانی دەگاتە ناوچەی مەترسیداری تیمی رکابەر، زۆر دڵخۆشم کە یارییەکانی دەبینم.

”لەڕووی هونەرییەوە، زۆر بۆشایی نەماوە”

خۆسێ بۆتۆ، بەڕێوەبەری هونەری فلامێنگۆ

یامال بە دوو خاڵ سەرنجی منی لەڕووی هونەرییەوە راکێشاوە؛ هاوسەنگی لە نێوان توانای کەسی و سەقامگیری لە شێوازی یارییکردن. شتێکی ئاساییە یاریزانێک لە هەندێک لایەن زۆر سەرکەوتوو و بەهرەمەند بن و لە هەندێک لایەنی هونەری دیکە لە ئاستی پێویستدا نەبن.

یامال یاریزانێک نییە تەنیا لە بڕینی یاریزانان سەرکەوتوو بێت، بەڵکو خاوەن توانای هونەری زۆر بەرزە، جیا لەمەش بڕیاری سەرسووڕهێنەر دەدات و کاریگەری لەسەر هێڵی پێشەوەی یانەکە دروست دەکات. یامال دەرفەتی گۆڵ دروست دەکات، دەتوانێت لە هیچەوە مەترسی دروست بکات، لە هەمووی گرنگتر، متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەبووە.

گۆڵە ناوازەکەی یامال بەرامبەر فەڕەنسا لە یۆرۆی 2024 / لە تەمەنی 16 ساڵی

سەرەڕای تەمەنەکەی، بەڵام یامال لە ئێستاوە لە یاریزانانی بژاردەی جیهانە و رۆڵێکی باڵای لە سەرکەوتنی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024 گێڕا، یامال یاریزانێکی گرنگی تیمێکی گەورەی ئەوروپایە و دەرفەتی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و لالیگای هەیە.

لەڕووی هونەرییەوە، پێموانییە بۆشایی بەرەوپێشچوونی هەبێت، چونکە شێوازی یارییکردنی زۆر پێشکەوتووە، تەنیا پێویستی بە سەقامگیرییە، ئەگەر پارێزگاری لەم ئاستەی بکات، دەتوانێت خۆی وەکو یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو پیشانبدات.

”یامالی ئێستا هاوشێوەی یامالی دوای 10 ساڵی دیکەیە”

ئانتۆنیۆ گاگلیاردی، یاریدەدەری راهێنەری پارما

زۆر ئەستەمە باسی شتێکی نوێ لەبارەی یامال بکەین، چونکە هەمووان تواناکانی دەزانن و لەوانەیە باشترین یاریزانی هەرزەکاری مێژووی تۆپی پێ بێت. دیێگۆ ماڕادۆنا و پێلێ لە هەمان ئاستدا بوون، بەڵام ئەفسانەی وەکو رۆناڵدۆ و مێسی لە هەمان ئاستی ئەم تەمەنەی یامال نەبوون.

بەڵام کاتێک یارییەکانی دەستپێکی لیۆ مێسی بینی، یاریزانێکی لاومان بینی و ئەوکاتە بیرۆکەیەکمان لەلا گەڵاڵە بوو، کە مێسی دەبێتە یاریزانێکی گەورە.

یامال هەندێک جیاوازە، چونکە یاریزانێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەبینین، پێم وایە تواناکانی بەمشێوەیەن؛

راستە وەکو یاریزانێکی هەرزەکار دەتوانێت خۆی بەرەوپێشببات، بەڵام پێموانییە هەمان توانای رادەبەدەری لیۆ مێسی هەبێت، ئەم یامالەی ئێستا، هاوشێوەی یامالی دوای 10 ساڵی دیکە دەبێت.

لە تۆپی پێی مۆدێرندا، رێکخستنی بەرگری و دروستکردنی بۆشایی وردەکاری زۆر گرنگن، یانەکان زۆر بە وردی کاری لەسەر دەکەن، یاریزانێکی وەکو یامال، خاڵێکی بەهێزە. لە یارییەکەی ئینتەر بینیمان، هەندێکجار بە سێ یاریزان بەرامبەر یامال یارییان دەکرد، ئەمەش شێوازی نوێی بەرگرییە لە تۆپی پێی نوێ.

”هیچ یاریزانێکم لەم تەمەنەدا نەبینوە بەمشێوەیە بڕیاربدات”

ستێفان بووک، یاریدەدەری راهێنەری ئێنتراخت فڕانکفورت

یامال یاریزانێکی سەرسووڕهێنەرە، پێموایە بابەتەکە ئاوێتەی چەند فاکتەرێکە؛ بەهرەمەندی، تەکنیک، خێرایی، داهێنان، بڕیاریدان و تێگەیشتنی بۆشاییەکان. یامال تەنیا لە یەک بابەت ناوازە نییە، بەڵکو لە هەموو شتێک ناوازەیە.

پێدەچێت شتەکە زۆر سادە بێت، چونکە یامال خاوەن دیدگایەکی هونەری زۆر بەرزە، زۆربەی کات لە ساتی گونجاودا بڕیاری دروست دەدات. زۆر کارم لەگەڵ یاریزانی لاو کردووە و هەرگیز یاریزانێکی لەمشێوەیەم بەم تەمەنە نەبینیوە.

بەڵام پێموایە ئەمە پەیوەندی بە نەوەی نوێی یاریزانانەوە هەیە، چونکە ئێستا لەسەر هزرێکی جیاواز گەورە دەبن و بەخێڕایی شت فێر دەبن، بەڵام راهێنان لە تەمەنی بچووک، فاکتەرێکی سەرەکی درەوشانەوەیانن. چونکە ئەگەر بە 20 ساڵی رابردووی بەراورد بکەین، سیستمەکە زۆر گۆڕاوە.

لە کۆتاییدا، هەموومان بەهۆی یاریزانی وەکو یامال، ئەم وەرزشەمان خۆشدەوێت.

”دەبێ ئاگاداری بن”

هوراسیۆ گاگیۆلی، ئەو بریکارەی مێسی لە رۆزاریۆ گواستەوە بارسێلۆنا

ئێستا گەنجێک لە تەمەنی 17 ساڵی دەبینین، خاوەنی توانای ناوازەیە و ئەگەر لەسەر ئەم ئاستەی بەردەوام بێت، زۆر هاوکێشە دەگۆڕێت.

بەلای منەوە، لیۆ مێسی یەکێکە لە شکۆدارترین یاریزانانی مێژوو، کاروانی وەرزشی مێسی باشترین بەڵگەیە بۆ قسەکانم. بۆ ئەوەی گەشەی لامین بەردەوام بێت و رۆژێک لە رۆژان بگاتە ئاستی مێسی، پێویستی بە هاوکاریی زۆرە.

ئەوەی یامال لە یاریزانانی دیکەی جیادەکاتەوە، متمانە و بڕوابوونە بە تواناکانی خۆی، چونکە لەم تەمەن بچووکەدا، بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات، بڕواپێنەکراوە. دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت، یامال پێویستی بە گرنگیپێدان و ئاگا لێبوونە.

راهێنەرە گەورەکان چی دەڵێن؟

نیکۆ کۆڤاچ، راهێنەری بۆڕووسیا دۆرتموند

زۆر چێژ لە یارییکردنی یامال دەبینم، چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ تۆپ لە بۆشاییە تەسکەکاند، هەروەها خێراییەکی زۆر ناوازەی هەیە. لە هەموو گرنگتر، چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی و بینینی یارییە، یامال سەرسووڕهێنەرە.

راڵف رانگنیک – راهێنەری نەمسا

یامال یاریزانێکی نایابە، بە تایبەتی لەم تەمەنەدا، لە نزیکەوە زۆر باش کۆنتڕۆڵی تۆپ دەکات و توانا ناوازەکان بۆ خۆ دەرخستن بەکارناهێنێت، هەمیشە هێرشدەکاتە سەر گۆڵی تیمی رکابەر، یاخود بەدوای پاسی کورتدا دەگەڕێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button