
یاریگا –
رافینیا ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا لە نوێترین لێدوانیدا راستیەکی نەزانراو دەدرکێنێت.
رافینیا کە ئێستا بەهۆی ئەو ئاستەی لەگەڵ بارسێلۆنا پێشکەشیدەکات بووە بە پاڵێوراوێکی سەرەکی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، لە لێدوانی پێش یارییەکەی سبەی شەویان بەرامبەر ئینتەر میلانی ئیتاڵی کە فابریزۆ رۆمانۆ بەشێکی بڵاوکردووەتەوە، باسی لەوەکرد کە پێشتر دەرفەتێکی زۆر نزیکی هەبووە بۆ پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردی ئازورییەوە و وتی
من زۆر نزیکبووم لەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە بکەم. چاوەڕواندەکرا بۆ یۆرۆی 2020 کە نازناوەکەیان بردەوە، یارییان بۆ بکەم.
ئەستێرەکەی بارسا کە لەوەتەی مانگی ئۆگەستی ساڵی 2021 یەکەمین بانگهێشتکردنی بۆ ریزی بەڕازیل پێگەیشت، بە پشتبەستن بە رەچەڵەکی باوکی دەیتوانی یاریی بۆ ئیتاڵیاش بکات، بەڵام هۆکاری سەرنەگرتنی ئەو ئەزموونەی باسکرد بەوەی کە تەنها کێشە لە پاسپۆرتەکەیدا هۆکار بووە لەبەردەم پۆشینی درێسە شینەکە و وتی
دەبوو بۆ یۆرۆ یاریی بۆ ئیتاڵی بکەم. بەڵام پاسپۆرتەکە لە کاتی خۆیدا دەرنەچوو. لەنێو هەڵبژاردەکەیانەوە زۆر پەیوەندییم بۆ دەهات. جۆرجینیۆ بەبەردەوامیی تەلەفۆنی بۆ دەکردم. هەڵبژاردەکەشیان پرۆژەیەکی نایابیان بۆم هەبوو کە بەڕاستی سەرنجمی بردبوو. بەڵام لە ناخیشەوە لەسەدا یەک هیوایەکم هەر هەبوو بەوەی درێسی بەڕازیل دەپۆشم. بۆیە خۆشبەختانە پاسپۆرتە ئیتاڵییەکە له وادەی خۆیدا تەواونەبوو.