ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە مۆندیالی یانەکان یاریی بۆ ریال مەدرید دەکات؟
وردەکاریی گفتوگۆیەکانی نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول

یاریگا –
ئالێکساندەر ئارنۆڵد دوای ئەوەی بەفەرمی رۆیشتنی لە لیڤەرپوول راگەیاند، دوای رۆژی 30ـی مانگی داهاتوو دەتوانێت بە گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت زووتر ئەو بەرگریکارە بکاتە موڵکی خۆی.
بێن جاکۆبس رۆژنامەنووسی بەریتانی لە ماڵپەڕی GiveMeSportـی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید ئامادەیە نیو ملیۆن پاوەند بە لیڤەرپوول بدات، بۆ ئەوەی ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە سەرەتای مانگی 6 پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە بکات و بەشداریی کەمپەکەی ریال مەدرید لە ئەمریکا بکات، بەڵام لیڤەرپوول لەو پارەیە زیاتر داوا دەکات، بۆ ئەوەی مانگێک زووتر دەستبەرداری بەرگریکارەکەی بێت.
🚨 Trent Alexander-Arnold confirms he’s leaving #LFC.
– Desire for a new experience the driving factor
– Richard Hughes fought hard to keep
– Real must pay compensation if they want TAA for the start of the CWC. Prepared to offer £500k, but #LFC want morehttps://t.co/OiqZx2mOYp— Ben Jacobs (@JacobsBen) May 5, 2025
رۆژنامەنووسە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، ئارنۆڵد بۆ ماوەی شەش ساڵ روودەکاتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام یانە مەدریدییەکە دەیەوێت مانگێک زووتر گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرگریکارە 26 ساڵانەکە واژۆ بکات، بۆ ئەوەی لە مۆندیالی یانەکان سوود لەو بەرگریکارەی رێدز وەربگرێت.
بێن جاکۆبس رایگەیاندووە، ئالێکساندەر ئارنۆڵد لەبەر پارە روو لە ریال مەدرید ناکات، چونکە لیڤەرپوول ئامادەبوو بیکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی بەرگریکارە راستەکانی جیهان، بەڵام ئارنۆڵد دەیەوێت ئاڵنگارییەکی دیکە تاقیبکاتەوە.
مۆندیالی یانەکان رۆژی 15ـی یۆنیۆ/حوزەیران دەستپێدەکات و رۆژی 18ـی ئەو مانگە ریال مەدرید لە یەکەم یاریی خۆی لە کۆمەڵەی هەشتەم رووبەڕووی هیلالی سعوودی دەبێتەوە.
ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکان لە کۆمەڵەی هەشتەم هاوشانی یانەکانی هیلالی سعوودی، پاچوکای مەکسیکی، رێد بول ساڵزبێرگی نەمسایی یاریی دەکات، ئەگەر ریال مەدرید لەگەڵ لیڤەرپوول نەگاتە رێککەوتن، ئەوا دەبێت ئارنۆڵد تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو چاوەڕێ بکات، ئەوکات دەتوانێت لە قۆناخی 16ـەوە بە درێسی ریال مەدرید بەشداریی مۆندیالی یانەکان بکات.