ئیتاڵیاگرنگترین

پێشهاتی نوێ؛ لاوتارۆ مارتینێز هاندەرانی ئینتەر میلان دڵخۆش دەکات

دەیەوێت بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی بکات

Yariga App

یاریگا –

لاوتارۆ مارتینێز کۆڵنادات و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا ئامادە دەکات.

سبەی سێشەممە 6ـی ئایار لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ ئینتەر میلان لە یاریگای جۆزیێپی میاتزا میوانداری بارسێلۆنا دەکات. یاریی چوون 3-3 کۆتایی هاتبوو.

لاوتارۆ مارتینێز هێرشبەری ئەرجەنتینی ئینتەر میلان لە ئینستاگرام وێنەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت سەرقاڵی مەشق و راهێنانە و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا ئامادە دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەینی رابردوو ئینتەر میلان بەفەرمی پێکانی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەی راگەیاندبوو. بەگوێرەی ئەوەی  رانی چەپی تووشی پێکان بووە، میدیاکانی ئیتاڵیا پێشبینیان کردبوو بەڕێژەی %99 لە یارییەکەی بارسێلۆنا بێبەش ببێت.

بەڵام لە پێشهاتێکی نوێدا، تۆڕی سکای سپۆرت ئاشکرایکردووە، لاوتارۆ بە گڕ و تینێکی زۆرەوە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا ئامادە دەکات. هەموو هەوڵێکدەدات بۆ ئەوەی بەخێرایی لە پێکانەکەی چاکبێتەوە و لەڕووی جەستەییەوە بۆ یارییەکە ئامادەبێت.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی سکای سپۆرت، مارتینێز بەتەواوی لە رووبەڕووبوونەوەی بارسا بێهیوا نەبووە، ئێستا هیوای بۆ گەڕاوەتەوە و ئەگەر هەیە بتوانێت بۆ یارییەکەی سبەی ئامادەبێت.

کەمێک لەمەوبەر رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لاوتارۆ، سیمیۆنی ئینزاگی راهێنەری یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە، کە بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا ئامادەیە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە بەشداریی مەشقە بەکۆمەڵەکانی ئەمڕۆ دەکات و لەڕووی جەستەییەوە کێشەی نابێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button