چیدیکە نابێت بە پاریس سانجێرمان بڵێین پاریس؛ وەرزی داهاتوو لە لیگ1 رووداوێکی سەرنجڕاکێش روودەدات
نزیکترین دوو یاریگا لە جیهاندا تەنیا 44 مەتر لە یەکترییەوە دوورن

یاریگا –
یانەی پاریس بەفەرمی سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی فەڕەنسا مسۆگەرکرد، وەرزی داهاتوو پاریس ئێف سی و پاریس سانجێرمان لە خولی پلە یەکی فەڕەنسی یاریی دەکەن، بەمەش ناتوانین چیدیکە بە پاریس سانجێرمان بڵێین پاریس.
پاریس بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ پلەی دووەمی لیگ2ـی مسۆگەرکرد و هاوشانی لۆریان سەرکەوتنی بۆ لیگ1 مسۆگەر کرد، دوای 35 ساڵ شاری پاریس لە لیگ1 دەبێتە خاوەنی دوو یانە، پاریس سانجێرمان و پاریس لەو خولە نوێنەرایەتی پایتەخت دەکەن.
وەرزی داهاتوو یەکێک لە سەیروسەمەرەترین دێربییەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا دەکرێت، یاریگاکانی پاریس سانجێرمان و پاریس تەنیا 44 مەتر لە یەکترییەوە دوورن، بۆیە دوای سەرکەوتنی پاریس وەرزی داهاتوو لیگ1 یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین رووداوەکانی تیادا روودەدات، دوو یانە لە تەنیشت یەکترییەوە یاریی دەکەن.
دوو یاریگاکەی پاریس و پاریس سانجێرمان دەبنە نزیکترین یاریگا لە یەکترییەوە، کە پێشتر یاریگای ئانفێڵد و گۆدیسۆن پارک لە شاری لیڤەرپوول دوو نزیکترین یاریگا بوون لە یەکترییەوە، ئەو دوو یاریگایە تەنیا 970 مەتر لە یەکترییەوە دوورن.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، یانەی پاریس کە لەلایەن ماڵباتی ئارنۆۆ خاوەندارییەتی دەکرێت و یەکێک لە دەوڵەمەندترین خێزانەکانی جیهانن، بەنیازی گواستنەوەی 6 بۆ 8 یاریزانی نوێیە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ لیگ1 ئامادە بکات.
لەم دواییەدا، بێرنارد ئارنۆو، ملیاردێری فەڕەنسی و خاوەنی کۆمپانیای لەکژەری لوی ڤیتۆن یانەکەی کڕیەوە و ئامانجیانە، لە چەند ساڵی داهاتوودا، پاریس FC بکەنە یەکێک لە باشترینەکانی ئەوروپا. یانەکە بڕیاریداوە، یاریگای چارلێتی جێدەهێڵن و وەرزی داهاتوو لە یاریگای ژان بوان یاریی دەکەن، ئەم یاریگایە دەکەوێت بەرامبەر یاریگای پارک دۆ پرێنسی تایبەت بە پاریس سانجێرمان.
لە پاریس شەش یانەی جیاوازی تۆپی پێ هەن، بەڵام جگە لە پاریس سانجێرمان هیچ یانەیەکی دیکەی پایتەخت لە خولی پلە یەک نەبوون، وەرزی داهاتوو پاریس FC کە ساڵی 1969 دامەزراوە دەبێتە دووەم یانەی پایتەخت لە لیگ1 یاریی بکات.