ئارتێتا هەواڵێکی ناخۆشی بە هاندەرانی ئارسیناڵ راگەیاند
گومان لەسەر بەشداریکردنی ئەستێرەیەک هەیە

یاریگا –
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ هەواڵێکی ناخۆشی بە هاندەرانی ئارسیناڵ راگەیاند.
گەنەرز ئامادەکاری تەواو بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە یاریگای پارک دۆ پرێنس لە پاریس دەکات.
ئارسیناڵ یاریی چوون لە یاریگای ئیمارات 0-1 بە پاریس دۆڕا و یاریی دوێنێی پرێمەرلیگیشی 1-2 بە بۆرنمس دۆڕاند، ئەمەش فشاری سەر تیمەکەی زیادکرد.
ئارتێتا روونیکردەوە، بەهۆی ئامادەنەبوونی 100% ناوی جورین تیمبەر لە لیستی یاریزانانی یاریی دوێنێی بەرامبەر بۆرنمس نەبووە، چونکە لە یارییەکەی پاریس تووشی پێکانێک بووە.
ئارتێتا لە وەڵامی ئەگەری بەشداریکردنی تیمبەر لە یارییەکەی پاریس روونیکردەوە؛
ئێستا لە بەشداریکردنی جورین دڵنیانیم، چونکە نەیتوانی بەشداری یارییەکەی بۆرنمس بکات و هێشتا چوار رۆژ بۆ یارییەکەمان ماوە.
تیمبەر لە خوولەکی 83ی گێمی دووەمی یارییەکەی پاریس، یاریگای جێهێشت و بێن وایت شوێنیگرتەوە، لە یارییەکەی بۆرنمسیشدا، وایت لە شوێنی تیمبەر لە باڵی راست یارییکرد.
تیمبەر لەم وەرزەدا بەشداری لە 47 یاریدا کردووە، خاوەنی دوو گۆڵ و چوار ئەسیستە.
جگە لە گومانەکانی سەر تیمبەر، ئارتێتا لە تواناکانی گابریێل و تاکێهیرۆ تۆمیاسو بێبەشدەبێت، هەروەها ریکاردۆ کالافیۆریش بەهۆی پێکانی ئەژنۆ ناتوانێت بەشداری یارییەکە بکات.