بایەر لیڤەرکوزن دەستی لە ئاڵۆنسۆ شوشتووە؟
تۆڕی رێلێڤۆ دوایین زانیارییەکانی نێو قەلای بای ئارێنا ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ریال مەدرید هەموو بازاڕێکی گواستنەوە، چیرۆکێکی هەیە و هەمووان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات.
چابی ئاڵۆنسۆ، دیارترین بەربژێرە بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی لە ریال مەدرید، بەگوێرەی دوایین زانیاریی رۆژنامەی ئاس، راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل واژۆ دەکات و دوای تەواوبوونی لالیگا، یانە مەدریدییەکە جێدەهێڵێت.
ئاڵۆنسۆ لە نوێترین لێدوانیدا روونیکردووەتەوە؛
هیچی نوێم لەبارەی داهاتووی خۆم نییە باسی بکەم، وەڵامەکەم هەمان شتە؛ پێویستە چاوەڕێ بین و پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ لیڤەرکوزن هەیە، هەردووکمان زۆر روونین.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە هیج گفتوگۆییەکی فەرمی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئاڵۆنسۆ لە لیڤەرکوزن نەکراوە، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە هەستی چوونە دەرەوەی ئاڵۆنسۆی لەلا دروستبووە.
هەمووان لە لیڤەرکوزن لەسەر چوونە دەرەوەی ئاڵۆنسۆ کۆکن و چەندین مانگە ئەم هەستەیان لەلا دروستبووە، کاتێک هاوینی رابردوو ئاڵۆنسۆ بایرن میونشن و لیڤەرپوولی رەتکردەوە، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 نوێکردەوە و ئامادەکاری بۆ ریال مەدرید بکات.
رێلێڤۆ روونیکردووەتەوە، هیچ بەربەستێک لە گواستنەوەی ئاڵۆنسۆ بۆ ریال مەدرید دروست نابێت، چونکە راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە مەدرید، تاوەکو شوێنی کارلۆ بگرێتەوە و یانە ئەڵمانییەکەش هیچ کێشەیەک دروست ناکات، چونکە پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ چابی هەیە.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان ئاڵۆنسۆ و لیڤەرکوزن، هەرکاتێک ریال مەدرید داوای ئاڵۆنسۆ بکات، ئەوا لیڤەرکوزن نابێ هیچ بەربەستێک دروست بکات، هەرچەندە تەواوی وردەکارییەکانی گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە.
بۆندسلیگا لە 17ی ئەم مانگە تەواو دەبێت و لالیگا لە 25ی ئەم مانگە. ریال مەدرید کاتی تەواوی لەبەردەستدایە تاوەکو پڕۆژەی نوێی خۆی یەکلاییبکاتەوە.