
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەست هێنا و راهێنەری تیپەکەش باسی گرنگی سێ خاڵی یارییەکە دەکات.
سەرەڕای یاریینەکردنی کۆمەڵێک یاریزان، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2 _ 0 لە کەربەلای بردەوە، سەرکەوتنەکەی هەولێر دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپی تیپەکە دێت لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بە جۆرێک لە هەشت یاریی رابردوو تەنها یەک سەرکەوتنی هەبوو، گەیلان لوقمان خاوەن گۆڵی یەکەمی هەولێر لە خولەکی 62 بە کارتی سوور کرایە دەرەوەی یاریگا.
دوای یارییەکە سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر باسی لە گرنگی سێ خاڵەکە و ئاستی یاریزانەکانی کرد و گوتی:
سێ خاڵی ئەم یارییە گرنگی تایبەتی هەبوو بۆ ئێمە، چونکە تیپەکە لە دۆخێکی باشدا نەبوو بەهۆی ئەنجامی چەند یارییەکی رابردوو، گۆڵێکی پێش وەختەمان تۆمار کرد سەرەڕای ئەوەی کەمێک پاڵەپەستۆمان لەسەر بوو بەڵام توانیمان مەترسیەکانی کەربەلا رابگرین، سوپاسی یاریزانەکانم دەکەم بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشیان کرد سەرەڕای ئەوەی بە 10 یاریزانیش یارییمان دەکرد.
لەم یارییەدا هەریەک لە حەیدەر ئەحمەد و عەباس یاسین و هیگۆڕ ڤیداڵ وئەرکان ئەمیر و یوسف بن سۆدە بە هۆی پێکانەوە بەشدارییان نەکرد، شێرکۆ کەریم کاپتنی تیپەکەش لە چەند خولەکێکی کۆتایی یارییە بەشداریکرد کە بە هۆی پێکانێکی سووکەوە نەیتوانی بە شێوەی سەرەکی یاریی بکات.
بەم سەڕکەوتنەی هەولێر یەک خانە لە ریزبەندی خولەکە هاتە پێش و بە 38 خاڵ لە ریزبەندی 14ـەم دێت، گەڕی داهاتووش لە نێو یاریگای خۆی میوانداری نەفتی میسان دەکات، کەربەلاش بە 22 خاڵ لە ریزبەندی 19ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق مایەوە.