دوایین پەرەسەندن؛ سالیبا پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات؟
میکێل ئارتێتا بۆ یەکەمجار باسی چارەنووسی سالیبا دەکات

یاریگا –
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی وەرز، دەنگۆکانی گواستنەوەی یاریزانان دەگاتە لووتکە و میکێل ئارتێتا باسی چارەنووسی ئەستێرەیەکی تیمەکەی دەکات.
ریال مەدرید پلانێکی گەورەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هێڵی بەرگری داڕێشتووە، یەکێک لە پلانەکان گواستنەوەی ویلیام سالیبا، بەرگریکاری ئارسیناڵە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ کە هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە.
سالیبا وەکو یەکێک لە باشترینەکانی پرێمەرلیگ و ئەوروپا خۆی سەلماندووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ESPN، ئارسیناڵ هەموو هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ لەبارەی چارەنووسی سالیبا روونیکردەوە؛
بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بۆ ئاندرێیا بێرتا، بەڕێوەبەری وەرزشی و یانەکە جێدەهێڵم.
ئەوەی من بیزانم و قسەم لەگەڵ سالیبا کردبێت، ئەو زۆر لێرە دڵخۆشە و دەیەوێت بەردەوام بێت.
بێگومان گفتوگۆکان پێویستیان بە کاتە و دەبێ چارەسەر بکرێن، بەڵام تەواو دڵنیام کە سالیبا لێرە زۆر دڵخۆشە و دەیەوێت لێرە بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ ئارسیناڵ بۆ نیمچە یەکلاییکردنەوەی پلەی دووەمی پرێمەرلیگ لە یاریگای ئیماڕات لە گەڕی 35ی پرێمەرلیگ میونداری بۆرنمس دەکات.