
یاریگا –
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تاوەکو ئێستا لەسەر دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ بۆ سەرکردایەتی کردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی نەگەیشتووەتە رێککەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەکی تایبەتی پێگەی مەعڕەز کوورەی عێراقی، ئێستا حەکیم شاکر، راهێنەری پێشووتری هەڵبژاردەی عێراق، بەربژێری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی شێرەکانی رافیدەین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەکە بێت، حەکیم لە دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور و ئوردن، سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە دەکات، ئەمەش ئەگەر یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا، راهێنەرێکی ناوخۆیی دەستنیشان بکات.
پێشتر غالب زاملی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندبوو، ناوی چەند راهێنەرێکی ناوخۆیی لەسەر مێزی گفتوگۆکاندان و حەکیم دیارترین بەربژێرە.
خێسوس کاساس لەدوای دۆڕانی دوا یاریی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 بەرامبەر فەڵەستین، بڕیاری دوورخستنەوەی درا.
حەکیم شاکر سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەفسانەکانی عێراقی سەرووی 40 ساڵان بۆ بردنەوەی جامی کەنداو کرد.
راهێنەری پێشووی یانەکانی هەولێر و ئاڕارات، لە ساڵانی نێوان 2012-14 راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بوو، هەروەها راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکانی ژێر 23 و 20 ساڵانی عێراقیشی کردووە.
حەکیم شاکر ئەزموونێکی گەورەی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکانی عێراق و ناوچەکە هەیە، پێشتر راهێنەری یانەکانی هەولێر، ئاڕارات، شوڕتە، سوەیقی عومانی، فەیسەڵی ئوردنی، زەوڕا، قوە جەوییە و چەندین یانەی دیکە بووە.
حەکیم 24 یاریی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بووە، خاوەنی 12 بردنەوە، شەش دۆڕان و 9 یەکسانبوونە.