
یاریگا –
هەولێر و کەربەلا لە دۆخێکی خراپدا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و دوو یاریزانی سەرەکی هەولێریش یاریی ناکەن.
لە گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەینێ ( 2ـی ئایاری 2025 ) کاتژمێر 8:30ـی شەو لە یاریگای کەربەلا هەولێر و کەربەلا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، هەر دوو یانە لە دۆخێکی باشدا نین و دەیانەوێت برینەکانیان بە یەکتر سارێژ بکەن، هەولێر بەهۆی پێکانەوە لە توانای هەریەک لە یاریزانان شێرکۆ کەریم و یوسف بن سۆدەی هێرشبەری بێبەش دەبێت.
کەربەلا و هەولێر لە مێژوودا 31 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر لە 14 یارییدا براوە بووە و لە نۆ یارییدا یەکسان بوونە و کەربەلاش هەشت یاریی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، هەولێر 46 گۆڵی کردووە و کەربەلا 34 گۆڵی تۆمار کردووە.
یەکەم یاریی فەرمی نێوان کەربەلا و هەولێر لە 10 _ 5 _ 1993 بوو لە یارییەکانی قۆناخی سێیەمی خولی نایابی عێراق، ئەم یارییە لە یاریگای موسڵ کرا و کەربەلا یارییەکەی 1 _ 0 بردەوە، دوایین یاریی نێوانیشیان لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بوو کە لە یاریگای فرانسۆ هەریری هەولێر 3 _ 1 یارییەکەی بردەوە.
هەولێر 35 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 15ـەم دێت و یاریی داهاتووش میوانداری نەفتی میسان دەکات، کەربەلا بە 22 خاڵ لە ناوچەی دابەزینە و لە ریزبەندی 19ـەی پێش کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.