
یاریگا –
چوار یانەکەی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سکاڵا لەسەر پێشکەشکارێکی عێراقی تۆمار دەکەن، کە بێ رێزی بە هاندەرانی یانەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، یانەکانی دهۆک و زاخۆ و نەورۆز و هەولێر لە دادگای رەسافە سکڵا لەسەر عومەر ریاز پێشکەشکاری وەرزشی تۆمار دەکەن، کە بێڕێزی بە هاندەرانی یانەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان کردبوو، هەرێمی کوردستانی بە ‘شیماڵی عێراق’ ناوزەد کردبوو.
دوای ئەوەی دوو جار بێڕێزی و سووکایەتی بە خەڵکی کوردستان و هاندەرانی چوار یانەکە کردبوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەران و میدیاکارانی کوردستان داوایان لە یانەکان کرد هەڵوێستیان هەبێت و سکاڵا لەسەر ئەو رۆژنامەنووسە تۆمار بکەن.
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری وەرزشی کوردستان راشیگەیاندووە، وەکو وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی وەرزش سكاڵایەكی فەرمی لەسەر ئەو میدیاكارە و كەناڵەكەی تۆمار دەكەن، كە بێڕێزیی زۆری بە هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان و وەرزشی كوردستانیش كردووە و پێویستە سنووری بۆ دابنرێت.
دوای رووداوەکانی یاریی نەورۆز و زاخۆ و یاریی هەولێر و شوڕتە ئەو رۆژنامەنووسە عێراقییە لە بەرنامەکەی لە یەکێک لە کەناڵەکانی عێراق بێڕێزی بەرامبەر هاندەرانی یانەکانی کوردستان کردبوو، بێڕێزی بەرامبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی و یانەکان کردبوو.
جگە لەو سکاڵایە، چوار یانەکەی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان، بڕیاریان داوە نووسراوێک ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی چاو بەو سزایانەدا بخشێننەوە بەسەر یانەکانی کوردستان سەپێنراوە، بەتایبەتی یانەكانی نەورۆز و زاخۆ.