یەکەم دەرکەوتنی یامال؛ بەراوردکاری مێسی، بۆیەکردنی قژ و وەڵامدانەوەی رەخنەکان
یەکەم دەرکەوتنی یامال چیدەگەیەنێت و سەرچاوەی چاونەترسییەی کوێیە؟

یاریگا –
دوو ساڵ بەسەر یەکەم دەرکەوتنی لامین یامال لە تەمەنی 15 ساڵیدا تێدەپەڕێت، ئێستا بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانانی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
یامالی تەمەن 17 ساڵ، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، بەشداری لە پرێس کۆنفڕانسێکدا کرد. بۆنەکە تایبەتە، چونکە بەر لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە و بارسا لە بردنەوەی نازناوە نازدارەکە نزیکە.
کڕۆکی کۆنفڕانسەکە نابێ دوو دڵت بکات، چونکە یامال بەدرێژایی پرێس کۆنفڕانسەکە ئەوەی پیشانی خەڵکدا، یامال چاونەترسە. یامال وەکو ئاماژەیەک بۆ یارییکردن بەرامبەر منداڵی گەورەتر لەخۆی و گەشتی بەردەوامی رۆژانەی بۆ بەردەوامبوون لە یارییکردن گوتی
ترس لە کاتی یارییکردندا؟ هەموو ترسی ژیانم دەمێکە لە پارکی گەڕەکەکەم لە ماتارۆ جێهێشتووە.
بەگوێرەی داتاکانی تۆڕی ئاتلێتیک، پرێس کۆنفڕانسەکەی یامال، جەنجاڵترینی ئەم وەرزە بووە، زیاتر لە 100 کەس ئامادەی ژووری پرێس کۆنفڕانسەکە بوون و بەهۆی نەبوونی شوێن، رۆژنامەنووسی زیاتر نەیانتوانی بەشدار بن.
یامال بە قژە تازە بۆیەکراوە زەردەکەی دەرکەوت، ئەمە ستایڵێکی نوێی یامالە کە بەر لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە بەرامبەر ریال مەدرید دیزاینی کردبوو، یامال دەڵێت، بۆ ستایڵە نوێیەکەی ئیلهامی لە کارەکتەری گۆکو لە زنجیرە ئەنێمی دراگۆن بۆڵ زێد (Dragon Ball Z) وەرگرتووە.
یامال 100مین یاریی خۆی بەرامبەر ئینتەر میلان دەکات، تاقیکردنەوەیەکی قورسە بەڵام مەحاڵ نییە. یامال لە 99 یاریدا 21 گۆڵ و 33 ئەسیستی هەیە و لەم وەرزەدا رۆڵێکی باڵای لە بردنەوەکانی بارسێلۆنا گێڕاوە. هانزی فلیک بژاردەیەکی سوپەری لە هێڵی پێشەوەدا هەیە، یاریزانێکە داهێنان دەکات و بە ئاسانی راناگیرێت.
یامال بچووکترین گۆڵکاری مێژووی بارسێلنا، لەگەڵ ئیسپانیا بووە پاڵەوانی یۆرۆی 2024 و لە قۆناخی پێشکۆتاییدا گۆڵێکی لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا کرد و لە یاریی کۆتایشدا گۆڵی بردنەوەی بەرامبەر ئینگلتەرا دروستکرد.
بەگوێرەی داتاکانی ئۆپتا، ئەو 20 ئەسیستەی یامال تاوەکو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی ئەم وەرزە، تەنیا پێنج ئەسیستی کەمترە لە ئەسیستەکانی لیۆنێل مێسی لە وەرزی 2019-20، کە بەرزترین ژمارەی ئەسیستە لە 10 ساڵی رابردوودا.
بەراوردکاریی نێوان یامال و لیۆ مێسی هەر دەبێ بکرێت و ‘حەتمییە’، ساڵی رابردوو کاتێک وێنەی یامال لە باوەشی مێسی بڵاوکرایەوە، کاتێک رێکلامێکیان بۆ رێکخراوێکی خێرخوازی دەکرد، هەموو سۆشیاڵ میدیای داگیرکرد، بەڵام یامال حەزی بەم جۆرە هاوکێشانە نییە.
نامەوێت خۆم بە هیچ کەسێک بەراورد بکەم، بە تایبەتیش لەگەڵ مێسی. بەراوردکارییەکە بۆ ئێوە (رۆژنامەنووسان) جێدەهێڵم، هەوڵدەدەم رێگای خۆم بگرمە بەر، مێسی وەکو باشترینی مێژوو رێزی دەگرم، بەڵام بەراوردکاری ناکەم.
یامال دووپاتیکردەوە، هیچ پەیوەندی لەگەڵ مێسی نییە، هەرچەندە تۆڕی ئاتلێتیک پێشتر راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر نێوەندگیری مێسی و کۆمپانیای ئەدیداس بڵاوکردبووەوە. هەڵمەتە بۆ پەلکێشکردنی یامال بوو بۆ ئەدیداس و دوورخستنەوەی بوو لە نایکی.
وەڵامەکانی یامال لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا درێژ نەبوون، بەڵکو قسەی کورت و تیژی دەکرد، بەڵام قسەکانی بوێر و گەورەبوون. یامال بە شێوازێک قسەی دەکرد، کە هەر کلیپێک لە قسەکانی ببڕن، دەکرێ ببنە ترێندی تیکتۆک، چونکە خۆی بەکارهێنەرێکی بەردەوامە و چاک لە ئالگۆریزمەکان تێدەگات، چۆن تێناگات، خاوەنی 30 ملیۆن فۆڵۆوەرزە و بینەری ڤیدیۆکانی گەیشتوونەتە 180 ملیۆن ڤیو.
یامال لەپڕ لە بەراوردکاری خۆی لەگەڵ مێسی باسی شتێکی سەیری کرد و هەمووانی بەخۆی خەریککرد؛
دوێنێ بەهۆی پچڕانی کارەبای نیشتمانی ئیسپانیاوە، نەمدەزانی چی بکەم!.
یامال چەند جارێک بوێری خۆی سەلماندووە، لە دوای بردنەوەی یاریی کلاسیکۆ 2-3 بەرامبەر ریال مەدرید، یامال چاوپێکەوتنێکی خێرای لەگەڵ میدیای یانەکەیدا کرد و بەمشێوەیە باسی ریال مەدریدی کرد؛
بەر لە یارییەکە لە هۆتێل قسەم لەگەڵ رۆناڵد ئاراوخۆ دەکرد، پێم گوت، هیچ کێشە نییە ئەگەر گۆڵێک یاخود دووانمان لێبکرێت، چونکە ئەم وەرزە ریال مەدرید ناتوانێت لێمان بباتەوە.
لە پرێس کۆنفڕانسی ئینتەر، پرسیاری رەخنەکانی ئەو لێدوانەی لێکرا، بەڵام یامال جارێکی دیکە بە دیپلۆماسی وەڵامی دایەوە؛
تاوەکو من لە بردنەوە بەردەوام دەبم، ناتوانن زۆر قسە بکەن، کاتێک لێمان ببەنەوە، ئینجا دەتوانن قسە بکەن.
بۆیەکردنی قژم، بڵاوکردنەوەی ستۆری ئینستاگرام بۆ وەڵامدانەوەی رەخنەگران، لە ناخەوە پێموایە ئەم کارانەی دەیکەم، بەهۆی بێزاریمە لە ماڵەوە. دەمەوێت خۆم سەرقاڵ بکەم و کاتی خۆش بەسەرببەم. ئەم جۆرە کردارانە سەرنجم زیاتر دەکەن.
10 ساڵە بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگی نەبردووەتەوە و ئەگەر ئەمساڵ بەدەستیبهێنن، دەبێتە یەکەم چامپیۆنزلیگی دوای سەردەمی مێسی. دوا دەستکەوتی بارسا گەیشتنبوو بە قۆناخی پێشکۆتایی 2021. ئێستا بارسا بە کۆمەڵێک یاریزانی لاو دەیەوێت هەموو هاوکێشەکان بگۆڕێت.
یامال بۆ هاندەرانی ریال مەدرید: کەی لە ئێمەتان بردەوە ئینجا مافی قسەتان هەیە