بارسێلۆنا بەر لە رووبەڕوو بوونەوەی ئینتەر کۆبوونەوەیەکی گرنگی کرد
پلانی سەرنجڕاکێش لە رێگایە...

یاریگا –
دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا، پێش یارییەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان لەگەڵ بەڕێوبەرانی کۆمپانیای نایکی کۆ بوویەوە.
ئێوارەی رۆژی رابردوو دەستەی بەڕێوەبەرایەتی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا لە ئۆفیسەکانی کۆمپانیای نایکی لە بارسێلۆنا کۆبوونەوە، ئەمەش پێش یارییە گرنگەکەیان لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان بوو. ئەندامانی باڵای یانەکە لە بینای ئایکۆنی لا رۆتۆندا لە پایتەختی کاتەلۆنیا کۆبوونەوە و تاوتوێی چەندین بابەتی جۆراوجۆری پەیوەست بە دۆخی ئێستای یانەکە و هاوبەشییان لەگەڵ نایکی کرد.
کارگێڕانی بارسا ئەم کۆبوونەوەیەیان بەمەبەستی “دووپاتکردنەوەی هەماهەنگی و هاوئاهەنگی لەگەڵ سپۆنسەری سەرەکی یانەکە” کرد، ئەم کارە دوای درێژکردنەوەی گرێبەستی نێوان هەردوولا تا ساڵی 2038 ئەنجامدرا، رێککەوتنەکە کە لە ساڵی 1998 دەستیپێکردووە، “مۆدێلێکی نوێی هاوکاری ستراتیژی نێوان هەردوو رێکخراوەکە” دەهێنێتە ئاراوە، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی رەسمی بارسێلۆنا کە بڵاویان کردووەتەوە.
Board meeting at Nike HQ in Barcelonahttps://t.co/LkGlm4Qgn3
— FC Barcelona (@FCBarcelona) April 29, 2025
لە بەیاننامەیەکدا بارسێلۆنا رایگەیاندووە:
“بارسێلۆنا و نایکی یەکەم رێککەوتنی سپۆنسەرییان لە ساڵی 1998 واژۆکرد و لەو کاتەوە، پابەندبوونێکی قووڵیان بە داهێنان و بەدواداچوون بۆ باشترین یاریزانان هەیە، چ لەناو یاریگا و چ لە دەرەوەی یاریگا”. ئەوان زیاتر لە چوار دەیە ئەزموونی تۆپی پێی نایابیان کردووە. جگە لەوەش تیپی تۆپی پێی ئافرەتانی بارسێلۆنا خۆی وەک تیپێکی بەهێز و بێ ركابەر لە تۆپی پێی ئافرەتان جێگیر کردووە.”
هەرچەندە بۆ ماوەیەک وا دیار بوو خوان لاپۆرتا بەنیازە کۆتایی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ نایکی بهێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکە و بارسێلۆنا باشتر بوو و رێککەوتنێکی نوێ لەنێوانیاندا واژۆ کرا. سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە بڵاویانکردەوە، هەردوولا پلانی وروژێنەریان هەیە بۆ مانگەکانی داهاتوو، کە بەم نزیکانە ئاشکرای دەکەن.